عەبدولکەریم شێخانی لە تەمەنی 90 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

(0) / / فرهنگی / زایەڵە هونەر عەبدولکەریم شێخانی


Aug 12, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - نووسەر و وەرگێڕی دیاری کورد، مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 90 ساڵیدا لە شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
 
ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئابی 2023، نووسەر و وەرگێڕی کورد عەبدولکەریم شێخانی لە شاری هەولێر کۆچی دواییکرد؛ مومتاز حەیدەری، نووسەر و هاوڕێی کۆچکردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیک کاژێر 02:30 لە شاری هەولێر کۆچی دواییکرد و لە کەسنەزان بەخاک سپێردرا".
 
مومتاز حەیدەری ئاماژەی بەوەشکرد، پرسەی کۆچکردوو لە مزگەوتی ئەبوبەکری سدیق لە شاری هەولێر دەبێت. 
 
هەروەها فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەریی هەولێر گوتی، مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە ماوەیەک بوو نەخۆش بوو و ئەمڕۆ لە تەمەنی 90 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
بەڕێوەبەری رۆشنبیریی هەولێر گوتیشی، "مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی خزمەتێکی زۆری بە ئەدەب، زمان و کولتووری کورد کرد و جگە لە وەرگێڕان، خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوە و گوتاری ئەدەبییە. ئەو هەروەها مرۆڤێکی خاوەن هەڵوێست و کوردپەروەر و زمان پاراو بوو".
 
بۆ کۆچی دوایی عەبدولکەریم شێخانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال لە راگەیێندراوێکدا وێڕای سەرەخۆشی کردن، رایگەیاند، "مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی هاوڕێی دێرینی سەرۆک مام جەلال، نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ و زمانزان بوو، ساڵانێکی زۆر خزمەتی بە وێژە، وشە، ئەدەب و زمانی کوردی کرد و رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لەبەرەوپێشبردنی رەوتی ئەدەبی و رۆشنبیری و کولتوورییدا".
 
عەبدولکەریم شێخانی ساڵی 1933 لە شاری کۆیە لەدایکبووە؛ بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسیویەتی و وەرگێڕانی لە کوردییەوە بۆ عەرەبی و بە پێچەوانەشەوە کردووە؛ نووسینی جۆراوجۆری لە زۆر گۆڤار و رۆژنامەدا بڵاوکردووەتەوە.