فێستیڤاڵی گەلاوێژ کۆتاییهات و ناوی براوەکان راگەیێنرا

(0) / / فرهنگی / زایەڵە گەلاوێژ کوردستان مەلا بەختیار


Oct 15, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - 26ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ کۆتایی بە کارەکانی هێنا و خەڵاتی یەکەم، دووەم و سێیەم لە بوارەکانی شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە دابەشکران.

 رۆژی شەممە 14ـی ئۆکتۆبەری 2023 فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە گوتاری سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵەکە کۆتایی بە کارەکانی هێنا و براوەی یەکەم، دووەم و سێیەمی فێستیڤاڵەکە لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندن بۆ هەر سێ بەشی شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە دەستنیشانکران و خەڵاتیان پێبەخشرا.

 26ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ رۆژی پێنجشەممە 12ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە هۆڵی هۆتێل رامادای سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بە درووشمی (ئازادی.. بەردەوام) دەستی بەکارەکانی کرد و سێ رۆژ بەردەوامبوو.

مەلا بەختیار، رێکخەری گشتیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە گوتاری کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا هیوای خواست ئەو بەشداربووانەی لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتیان بەدەست نەهێناوە، سارد نەبنەوە و لە کارە ئەدەبییەکانیان بەردەوام بن و گوتی، "فەلسەفەی فێستیڤاڵەکەمان پێگەیاندنی قەڵەمی نوێیە لە کوردستان."

 ئەمساڵ، گرفتى دارایی رێخۆشکەر نەبوو بۆ ئەوەی رۆژەکانى فێستیڤاڵ و بەرنامەکان زۆرتر بن، بۆیە مەلا بەختیار داوای لە بەشداربووان کرد ئەگەر فێستیڤاڵەکە هەر کەموکوڕییەکی هەبێت، لێی ببورن و گوتیشی "بێگومان ساڵانی داهاتوو قەرەبووی کەموکوڕییەکانی ئەمساڵ دەکەینەوە. گرنگترین ئامانجی ئێمە ئەوەیە؛ فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەردەوامبێت و لە خزمەتی ئازادی، رۆشنگەری، مەدەنیەت و یەکسانیی ژن و پیاودا بێت."

ساڵانە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژدا دیداری شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە سازدەکرێن، هاوکات چەندین تەوەری تایبەت بە پرسی رووناکبیری و توێژینەوە لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و بەناوبانگی کوردستان،عێراق، وڵاتانی عەرەبی و ئێران پێشکێش دەکرێن.

 فێستیڤاڵی گەلاوێژ 26 ساڵە بێ بڕانەوە لەلایەن بنکەی رووناکبیری گەلاوێژ سازدەکرێت و ئەمساڵ تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فێستیڤاڵەکەی کرد، کە رۆژانە لە کاژێر 09:30ـی بەیانییەوە بۆ 12:00ـی نیوەڕۆ و ئێواران لە کاژێر 03:00ـی دوانیوەڕۆوە بۆ 06:00ـی ئێوارە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامبوو، تێیدا دەقی شیعری، چیرۆک و لێکۆڵینەوە لەلایەن بەشداربووانەوە، کە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشداربوون، خوێندرایەوە.

بڕگەی کۆتایی فێستیڤاڵەکە خوێندنەوەی ناوی براوەی یەکەم، دووەم و سێیەمی هەر سێ بەشی شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە بوو بۆ پێدانی خەڵاتی 26ـەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ.

 براوەکانی خەڵاتی یەکەم

 - خەڵاتی یەکەمی لێکۆڵینەوە بەخشرایە حەجی جەعفەر و ئازاد نەمەکی - یەعقووب ئەحمەدی کە بە هاوبەشی لێکۆڵینەوەیەکیان پێشکێش کردبوو.

- خەڵاتی یەکەمی چیرۆک بەخشرایە ئالان محەممەد

- خەڵاتی یەکەمی شیعر بەخشرایە سرووشت نەوزاد

 براوەکانی خەڵاتی دووەم:

 - خەڵاتی دووەمی لێکۆڵینەوە بە هاوبەشی بەخشرایە سالار کەریم حوسێن و د. ئیسماعیل مەحموودی

- خەڵاتی دووەمی چیرۆک بەخشرایە دارا ئازادمەنش

- خەڵاتی دووەمی شیعر بەخشرایە عیزەدین مستەفا نەجمەدین

 براوەکانی خەڵاتی سێیەم:

 - خەڵاتی سێیەمی لێکۆڵینەوە بەخشرایە هەر یەک لە بەهار عەلیمورادی و رێژەن حەسەن مەجید

- خەڵاتی سێیەمی چیرۆک بەخشرایە محەممەد حەسەن محەممەد

- خەڵاتی سێیەمی شیعر بەخشرایە گوڵاڵە عوسمان