"جانتا" لە دەرهێنانی "سامان حسێن پوور" و "ئاکۆ زەند کەریمی" دەرهێنەرانی کورد لە  فێستیڤاڵی "دەریای سوور" خەڵات کرا

(0) / / فرهنگی / زایەڵە جانتا چەمەدان سامکۆ سامان حسێن پوور ئاکۆ زەند کەریمی دەریای سوور


Dec 09, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کورتەفیلمی کوردیی "جانتا" (چمدان)  لە نووسین و دەرهێنانی هەردوو دەرهێنەری کورد لە ئێران؛ سامان حسێن پوور و ئاکۆ زەند کەریمی ناسراو بە "برایانی سامکۆ" و لە بەرهەمهێنانی فەریبا عەرەب، خەڵاتی دووەمی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دەریای سوور" بردەوە.

خەڵاتەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور دابەش کران و کورتەفیلمی کوردی "جانتا" خەڵاتی دووەمی لە بەشەی کورتەفیلم، وەرگرت.

 سامان حسێن پوور بۆ هەواڵنێری جام کوردی، وتی: دوو پێشبڕکێی سەرەکی لە فێستیڤاڵەکەدا کران کە یەکەمیان بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم بوو و تێیدا  17 فیلم پێشبڕکێیان کرد و بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلم کە 23 فیلم لە پێشبڕکێدا بوون.

حسێن پوور کە خۆی ئامادەی فێستیڤاڵەکەبوو، ئاماژەی بەوەشدا؛ براوەی یەکەمی پێشبڕکێی بەشی کورتەفیلم، بەخشرایە کورتەفیلمی "somewhere in between" لە دەرهێنانی دالیا نەبلیش کە کچێکی فەرەنسی بەڕەگەز لوبنانی دەرهێنانی بۆ کردووە. کورتە فیلمی کوردی "جانتا" خەڵاتی دووەمی لە بەشی کورتە فیلم وەرگرت

کورتەفیلمی "جانتا" (چمدان) لە دەرهێنانی هەردوو دەرهێنەری کورد، سامان حسێن پوور و ئاکۆ زەند کەریمی ناسراو بە برایانی سامکۆیە.

"جانتا" باس لە پەنابەرێکی کورد دەکات کە لەنێو جانتاکەیدا بیرەوەرییەکانی ماڵباتەکەی هەڵگرتووە، دواتر کەسێک ئەو جانتایەشی دەدزێت.

دوو پێشاندانی تایبەت بۆ کورتەفیلمی "جانتا" لە سینەما ڤۆکس لە فێستیڤاڵەکەدا کرا و حسێن پوور یەکێک لە دەرهێنەرەکانی لە هەردوو پێشاندانەکەدا ئامادەبوو.

حسێن پوور لە ساڵی ١٩٩٣ لە شاری سەقز لە دایکبووە، بڕوانامەی ماستەری لە سینەما بەدەستهێناوە و خاوەنی زیاتر لە پەنجا خەڵاتە.

سامان چەندین فیلمی بەرهەمهێناوە، لەوانە؛ ساڵی ٢٠١٣ گەڵا پاییزییەکان، ساڵی ٢٠١٥ ماسی، ساڵی ٢٠١٦ پیاوێک وا لە بیری دەچوو هەناسە هەڵمژێ، ساڵی ٢٠١٧ دوایین باوەش، ساڵی ٢٠١٨ ذبح، ساڵی ٢٠١٩ ئەویدی، ساڵی ٢٠٢٠ (زگماک) مادرزاد و ساڵی ٢٠٢١ جانتا – چەمەدان کە زۆربەیان بە هاوبەشی لەگەڵ ئاکۆ زەندکەریمی بەرهەمهێنراون و ئەم دوو دەرهێنەرە لاوە بەتوانایەی کورد ناوی هاوبەشیی سینەماییان ناوەتە "برایانی سامکۆ".

شیاوی باسە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەریای سوور لە 30ـی تشرینی دووەم تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە جەدەی سعودیە بەڕێوەچوو.

 فێستیڤاڵەکە هەرچەند تەمەنێکی کەمی هەیە، بەڵام بەهۆی بانگهێشتکردنی ئەستێرەکانی سینەما لە جیهاندا و پاڵشتیکردنی بەرهەمهێنانی فیلم لە ئاستی جیهاندا، ناوبانگی باشی هەیە و لەمبارەیوە سامان حسێن پوور ڕایگەیاند فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دەریای سوور" گەورەترین فێستیڤاڵی ناوچەیە و لە گەورەییدا لە ئاست فێستیڤاڵەکانی کەن و ئۆسکار دایە.

جۆنی دیپ، ئەکتەری ئەمریکی، یەکێک لە میوانە دیارەکانی فێستیڤاڵەکە بوو و ئەمساڵ بە فیلمی 'ژان دیو باری - Jeanne du Barry' بەشداربوو کە لە دەرهێنانی مایوین، دەرهێنەری فەرەنسییە. ئەم فیلمە هەروەها فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتییی فیلمی کان بوو لە خولی ئەمساڵیدا و فێستیڤاڵی دەریای سوور لە بەرهەمهێنانیدا بەشداربوو.

ویڵ سمیس، ئەکتەری ئەمریکی، یەکێکی دیکە لە ئەستێرە هەرە درەوشاوەکانی سەر فەرشی سوور لە فێستیڤاڵەکەدا بوو.

ئەستێرە دیارەکانی دیکەی بەشدار لە فێستیڤاڵەکە پێک دەهاتن لە لە کاترینا کێف، ئەکتەری هیندی، شارۆن ستۆن، ئەکتەری ئەمریکی، کاسرینا دو نۆڤ، ئەکتەری فەرەنسی و رانڤێر سینگ، ئەکتەری هیندی و چەندین ئەکتەری دیکە کە ناوبانگی جیهانییان هەیە.

لە جیهانی سینەمای عەرەبیشدا، ئەکتەرە دیارەکان بەشدار بوون، لەوانە: یوسرا، ئەکتەری میسری، لەیلا عەلوی، ئەکتەری میسری، لوبلوبە، ئەکتەری میسری، نادین نەجیم، ئەکتەری لوبنانی، قوسەی خولی، ئەکتەری سووری و یاسەمین سەبری، ئەکتەر و مۆدێلی میسری.