وەرزی‌ زستان لە ناو پەند و کەلتوری‌ کوردیدا

(0) / / فرهنگی / زایەڵە کولتوور زستان د. ئاراس محەمەد ساڵح


Feb 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لەبەرئەوەی‌ کوردستان وڵاتێکی‌ شاخاوی‌ و کوێستانییە، زستانی‌ سەختە و باران و بەفر و شەختە و سەرمای‌ زۆرە، هەموو ئەمانەش لەناو پەند و قسەی‌ رۆژانەدا رەنگیانداوەتەوە، سەرماو کڕێوەی‌ زستان پێویستی‌ بە پۆشاکی‌ زۆر و گەرمە، هەروەها ماڵەکان پێویستیان بە گەرمکەرەوە و سووتەمەنی‌ هەیە، بێگومان ئەمانەش بۆ هەموو کەسێک دەستەبەر نابێت، بەتایبەتی‌ ژیانی‌ کشتوکاڵی‌ و ئاژەڵداری‌ پێویستی‌ زۆری‌ بەوە هەیە کە خاوەن ئاژەڵەکان کاتێکی‌ زۆر لە دەرەوە بن و لەبەر بەفر و باران و سەرمادا چاودێریی‌ ئاژەڵەکانیان بکەن و لە چیاکاندا بیانلەوەڕێنن.
    ژیانی‌ سەختی‌ لادێ و ئاژەڵداری‌ لەلایەک و کەشوهەوای‌ ساردی‌ زستان لەلایەکی‌ ترەوە، زۆر خەڵکی‌ ماندوو شەکەت کردووە، هەموو کات سات و رۆژ و مانگیان ژماردووە هەتا زووتر زستان تەواوبێت و ئاهێک بێتەوە بەبەریاندا و لە سەرمای‌ زستان رزگاریان ببێت، هەر ئەمەشە نهێنی‌ زۆریی‌ رەنگدانەوەی‌ زستان لەناو قسەی‌ رۆژانەی‌ خەڵکیدا.
    وەرزی‌ زستان لە کوردستان لە 21 مانگی‌ کانونی‌ یەکەمی‌ هەموو ساڵێک دەست پێ دەکات و لە 21 ئازار کۆتایی دێت، وەرزی‌ زستان 90 رۆژە و 40 رۆژی‌ بە چلەی‌ زستان ناودەبرێت، 25 رۆژی‌ یەکەمی‌ ئاساییە و لە رۆژی‌ 26ی زستانەوە چلە دەست پێدەکات هەتا رۆژی‌ 66 زستان و ئیتر چلە کۆتایی دێت و 25 رۆژی‌ کۆتایی زستان ئاساییە و چلە نیە. لەبارەی‌ زستانەوە وتوویانە: خۆ چلەی‌ زستان نییە، یان دەڵێن زستانی‌ هێناوە.
ئەم قسەیە بە کەسێک دەوترێت سەرمای‌ بێت، یان جل و بەرگی زۆر گەرمی لەبەرکردبێت، یان بڵێ زۆرم سەرمایە، لە کاتێکدا سارد نەبێت و  کاتی‌ سەرما نەبێت، لەو کاتەدا لە رووی‌ سەرکۆنەوە پێی ئەڵێن: خۆ چلەی‌ زستان نیە، خۆ زستانت هێناوە سەرما کوا؟

زستان رۆژێکی‌ بمێنێ لە کارا
 کلکی‌ بزن ئەکات بە دارا
بزن یەکێکە لەو ئاژەڵانەی‌ زوو سەرمای‌ دەبێت، وەرزی‌ زستان بۆ بزن لەبار نیە، زۆرجار بەهۆی‌ سەرما و بارانی‌ زستانەوە بزن رەق بووەتەوە، هەربۆیە وتوویانە زستان بەبێ رەقکردنەوەی‌ بزن ناڕوات و رۆژێکی‌ بمێنێ لە کارا، کلکی‌ بزن ئەکات بە دارا، دار مەبەست ئەوەیە کە بزنەکە رەق دەبێتەوە و پێش ئەوەی‌ بمرێت سەری‌ دەبڕن و لاکەکەی‌ هەڵدەواسن بە دارا بۆ دەرهێنان و کەوڵکردنی‌، چونکە لە لادێکاندا کە ئاژەڵ سەردەبڕن لەکاتی‌ کەوڵکردن و پاککردندا هەڵیدەواسن بە دار توویەکدا، یان هەر دارێکی‌ تردا.

یەک جار بە زستان دەوترێت ساردە
زستان وەرزێکی‌ سارد و پڕ لە بەفر و باران و شەختە و کڕێوەیە لە کوردستاندا، کوردیش زۆر تاڵاوی‌ سەرمای‌ زستانی چووە بە دڵیدا، هەربۆیە وتوویانە: یەکجار بە زستان دەوترێت ساردە، واتە: ساردی‌ زستان شتێکی‌ بەرجەستە (مسلمات)ە و پێویستی‌ بە باسکردن و دووبارەکردنەوە نیە، دواتر ئەم پەندە خوازراوە بۆ شتی‌ تری ئاشکراو بەرجەستە بەکارهاتووە، بۆ نمونە: کەسێک کە قسە نەبیستێ و شت دووبارە بکاتەوە، پێی ئەڵێن: یەکجار بە زستان ئەڵێن ساردە، واتە: پێتوترا کۆتایی بە قسەکانت بێنە، بەڵام تۆ هەربەردەوامی‌ لەسەر قسەی‌ خۆت.

بە زەردەخەنەی‌ زاڵم و بە خۆشیی‌ زستان باوەڕ مەکەن
ستەمکار بۆیە ستەمکارە چونکە دوژمنی‌ میللەتە، هیچ سۆز و خۆشەویستییەکی‌ بۆ مرۆڤ نیە، هەربۆیە هەرکاتێک پێکەنی‌ بەدەم خەڵکییەوە ئەوە درۆیەکی‌ ئاشکرایە و بۆ مەرامێکی‌ خراپە، کورد ئەزموونی‌ زۆری‌ لەگەڵ ستەمکاردا هەبووە هەربۆیە رەفتار و جوڵەکانی‌ ناسیوە، وەرزی‌ زستانیش وەرزی‌ سەرما و بەفر و بارانە، ئەگەر رۆژێکیش کەشەکە خۆشبێت، جێگەی‌ متمانە نیە و رەنگە لە ماوەیەکی‌ کەمدا بیگۆڕێت و بیکات بە بەفر و باران و تەڕوتووشی‌، هەربۆیە نە بە زەردەخەنەی‌ زاڵم باوەڕیان کردووە و نە بەخۆشیی‌ زستان.

زستان هات و بەرگی‌ فەقیر دڕا
خەڵکی‌ فەقیر و هەژار هەموو کات بەرگی‌ دڕاو بووە و شڕەی‌ لەبەرکردووە، بەڵام لە وەرزی‌ زستان و سەرمادا زیاتر تووشی‌ ناخۆشی‌ بووەتەوە و هەستی‌ کردووە بەرگەکەی‌ دڕاوە و سەرما ناگێڕێتەوە، هەربۆیە وتوویانە: زستان هات و بەرگی‌ فەقیر دڕا، چونکە لەو وەرزەدا دڕاویی‌ بەرگەکەی‌ زیاتر دەرکەوتووە و ئازاری داوە.

بە زستان پینەوپەڕۆ
 بە بەهار ‌ورد ورد بڕۆ
زستان بە شڕکەو، بەهار بە رووتکە
 وەرزی‌ زستان سارد و سەرمایە و مرۆڤ ناچار هەرچی‌ بەرگی‌ هەیە و بە تازەو شڕەوە لەبەری‌ بکات بۆ خۆپاراستن لە سەرما، ئەگەر جلوبەرگیش کەمبێت ناچار هەرچی‌ شڕەودڕەی‌ هەیە لەبەری‌ بکات، بەڵام وەرزی‌ بەهار خۆشە و سەرما نیە خەڵکی‌ پێوێستیان بە بەرگێکی‌ کەم هەیە، هەربۆیە وتویانە: بە زستان شڕەو دڕەی‌ زۆر لەبەر بکە و لە بەهاردا خۆت رووت بکەرەوە.
زستان یان سەر وەشێنە
یان دوا وەشێنە
بە پێی ئەزموونی‌ خەڵکی‌ کورد زستان یان سەرەتاکەی‌ سەخت بووە و باران و سەرمای‌ زۆر بووە، یا لە کۆتاییەوە باران و شەختە و سەخت بووە، هەربۆیە وتوویانە: زستان یان لەسەرەتاوە سەری‌ خۆی‌ ئەوەشێنێ و سەخت دەبێت یان لە کۆتاییەوە.
زستان و بەهار لە ماڵی‌ خۆتدایە
زستان و وەرزی‌ سەرما و بەفروبارانە، بەهار وەرزی‌ خۆشی‌ و سەیرانە، واتە: مرۆڤی‌ خواپێداو بەدەست خۆیەتی‌، دەتوانێت لە زستاندا وەک بەهار بژی و لە بەهاریشدا هەر بە بەهاری‌ بیگوزەرێنێ، دەوڵەمەند لە زستان و سەرما بێباکەو شوێنی‌ و توانای‌ هەیە و بە ئارەزووی‌ خۆی‌ بەڕێی دەکات.
ئەمانە کۆمەڵێک پەندو قسەی‌ نەستەقی‌ کوردین لەناو قسەی‌ رۆژانەی‌ خەڵکیدا هەتا ئێستاش زۆر دووبارە دەبنەوە، هەندێکیان بوون بە خوازەو بۆ جێگەی‌ تریش بەکارهاتوون، بەهۆی‌ سەختی‌ و دژواری‌ ژیانی‌ ناوبەفر و چیا و زۆزانەکانی‌ کوردستانەوە، خەڵکی‌ زۆر ناخۆشی‌ و تاڵاوی‌ بەدەست سەرماوسۆڵەی‌ ئەم وەرزەوە دیووە، هەربۆیە زستان و کەشوهەواکەی‌ لەناو کەلتوری‌ کوردیدا رەنگدانەوەی‌ زۆری‌ هەبووە، ئەم پەندانە مشتێکن لە خەرمانێک و بێگومان دەیان پەند و قسەی‌ نەستەقی‌ تری‌ کوردی‌ لەبارەی‌ وەرزی‌ زستانەوە هەیە.

 د. ئاراس محەمەد ساڵح