بەغدا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەنێرێت

(0) / / اقتصادی / زایەڵە مووچە پێشمەرگە کوردستان


Mar 21, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەنێرێت. هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچە، ناردنی کۆدی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە هەولێرەوە بۆ بەغدا بووە. 
 
محەممەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی رێککەوتوون لە بری لیستی مووچە، کۆدی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت. 
 
بڕیاربوو ئەم هەفتەیە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە لە بەغداوە خەرج بکرێت و لە هەرێمی کوردستانیش دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکرێت، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی ناردنی کۆدی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، ناردنی پارەش دواکەوت و مایەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو. 
 
رووداو زانیویەتی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، لەسەر میکانیزمی ناردنی کۆد لەبری وردەکاری ناوی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە رێککەوتون تاوەکوو مووچەکانیان خەرجبکرێت، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەرێی گەیشتنی ئەو کۆدانەیە. 
 
ئازاد حەمید شەفی، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دەڵێت: "شاندێک لە کوردستانەوە دێن لەگەڵ هاوپەیمانی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت کۆدەبەنەوە کە لە شاندێکی پارتی پێکهاتوون، جگە لەوەش شاندێکی حکومەتیش دێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆدەبنەوە، چونکە زۆرێک لە کێشەکان خۆتان دەزانن هۆکارەکەی وەزارەتی دارییە، هەروەها رەنگە لەگەڵ دادگەی فیدراڵیی عێراقیش کۆبونەوە ئەنجام بدەن."  
 
تا ئەو کاتەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دەکرێتەوە، بە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق ناردنی مووچەی فەرمانبەران بە کاش لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بەردەوام دەبێت، جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی ئەمەی بەفەرمی بە سەرۆککۆماری عێراق گوتووە و بۆ رای گشتیش بڵاویکردەوە. 
 
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، پرۆسەی تەوتین کاتی دەوێت، وەزارەتی دارایی رایگەیاندبوو بۆ مانگی سێ مووچە نانێرێت بەبێ تەوتین، دادگەی فیدراڵیی رایگەیاند نەخێر مووچە بەردەوام دەبێت بنێردرێت، ئەوەی کە تەوتین دەکرێت لە رێگەی کارەتەوە مووچە وەردەگرێت ئەوەی دیکەش کە کاتی پێویستە بەکاش پێی دەدرێت. 
 
دواوین جار بەغدا 37 ملیار و 123 ملیۆن دینار کە مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسیی بوون، نارد. بەمەش کۆی ئەو پارەیەی کە تا ئێستا نێردراوە 600 ملیار دیناری تێپەراندووە، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت کورتهێنان هەیە. 
 
رێککەوتن لەسەر 'هەژماری من' و بەستنەوەی بە بانکە فیدراڵییەکان تاوەکو مووچەی مووچەخۆرانی پێ دابەشبکرێت کۆتایی بەم قەیرانە نوێیەی نێوان بەغدا و هەولێر دەهێنێت، هەفتەی داهاتوو کە بڕیارە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆببنەوە، ئەمەش یەکلایی دەکرێتەوە.