ئەنجومەنی مافخوراوان: لەلایەن كۆمپانیایەكەوە لە هەولێر 35 ملیۆن دۆلاری 800 خێزان خوراوە

(0) / / کردستان / زایەڵە هەولێر


Apr 23, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - ئەنجومەنێک بەناوی مافخوراوان رایدەگەیەنێت، كۆمپانیای "عەقاراتی باغی شەقڵاوە 35 ملیۆن دۆلاری 800 خێزانیان خواردووە.
لە نامەیەكی كراوەی ئەنجومەنەكەدا هاتووە، "چەند مانگێک بەر لە ئێستا، لە گەمەیەکی شۆکهێنەردا، کۆمپانیای عەقارات باغی شەقڵاوە، هەڵگری دروشمی (رێبەرێکی باوەڕپێکراو) لە سیناریۆیەکی تەمومژاویدا 35 ملیۆن دۆلاری کاسبکارانی بواری عەقارات و کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان ونکرد، بێ ئەوەی هیچ زەرەر و زیانێکیان لە بازاڕدا هەبێت.
دەشڵێت، بۆ پەردەپۆشکردن ودیزەبەدەرخۆنەکردنی پارەکە و سەرگرتنی سیناریۆکەیان، دوو فەرمانبەری خۆیان (بە رێککەوتنی پێشوەختە) بە گرتن داوە، بە بیانووی ئەوەی ئەم دوو فەرمانبەرە پارەکەیان تەخشان و پەخشان کردووە و گوایە ئەوان ئاگاداری وەرگرتنی ئەو پارەیە نەبوون و مامەڵەکانیان بە نایاسایی لەقەڵەمدا. لەکاتێکدا ئەو پارەیە بە قۆناغبەندی و بەناوی وەبەرهێنانی هاوبەش و کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە وەسڵ و مۆر لە چوارچێوەی سیستەمی کۆمپانیاکە وەرگیراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بە مەترسییەكانی ئەو كارە دەكات و دەڵێت، "سەرەڕای لەکەداربوونی کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە هەولێر، مەترسی شڵەژانی یەکجارەکی بازاڕی یەکەکانی نیشتەجێبوون هەیە.
ئەنجومەنی مافخوراوان داواشدەكەن، تیمێکی یاسایی لە چەند دادوەرێک پێکبهێنرێت و پاڵپشت بە بنەماکانی دادوەری عادیلانە پرسەکەیان بۆ چارەسەر بكرێت.

کامەران کەریم