بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی: نرخی خۆراك و كاڵا سەرەكییەكان دابەزینی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە

(0) / / اقتصادی / زایەڵە خۆراک سلێمانی گرانی چاودێری بازرگانی سۆران عه‌بدولغه‌فور


Jul 29, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات، بەراورد بە سێ‌ مانگی رابردوو نرخی خۆراك و كاڵا سەرەكییەكان دابەزینی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان لەڕێگەی بریكارەكانەوە بەردەوامی هه‌یه‌، نرخی خۆراك و كاڵا سەرەكییەكانی هاووڵاتیان ڕووى لە دابەزین كردووە به‌تایبه‌ت ماددە خۆراكییەكانی وەك برنج و زەیت ‌و شەكر.
 بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی باس له‌ دابه‌زینى نرخى خۆراك ده‌كات به‌ به‌راورد به‌ سێ مانگى رابردوو و ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌، ئێمە چاودێری نرخەكانمان كردووە لە بازاڕەكاندا بەراورد بە سێ‌ مانگی رابردوو نرخەكان دابەزینی باشیان بەخۆیانەوە بینیووە، بەجۆرێك كارتۆنێك زەیت لە 63 هه‌زار دینارەوە بۆ 49 هەزار دینار دابەزیووە، كارتۆنێك چا 11 هەزار دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، برنج و نۆكیش بەهەمان شێوە دابه‌زیون .
سۆران عه‌بدولغه‌فور ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، ئێمه‌ راپۆرتی خۆمانمان نووسیوە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارمانكردووە بەرەوامیش دەبین لە چاودێریكردنی بازاڕ و رێگە نادەین چەند كەسێك نرخەكان لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەرز بكەنەوە .
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی له‌باره‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى خۆراك باس له‌وه‌شده‌كات، هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك لە چەند مانگی رابردوودا شەڕی رووسیا ‌و ئۆكراینا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەكانی جیهان، هەروەها پێشتریش گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار لە عێراق و هەرێم نرخی پێداویستییەكان بەرزكردەوە، بەڵام بەراورد بە سێ‌ مانگی رابردوو لە %80 نرخەكان دابەزیون .
ئامادەکردنی - کامەران کەریم