بەهۆی چاكسازیەوە مانگانە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم

(0) / / اقتصادی / زایەڵە حکومەتی هەرێم جوتیار عادڵ کوردستان موچە پارە ئابووری


Aug 02, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند لەماوەی شەش مانگی رابردوودا پێنج تریلیۆن دینار بۆ دابینكردنی  مووچە تەرخانكراوە و بەهۆی چاكسازیشەوە مانگانە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت.
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند ،  حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بەزیاتر لە ٩٠٠ ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانكردنی مووچەی مووچەخۆران و لەماوەی شەش مانگی رابردوودا، بڕی پێنج تریلیۆن دیناری بۆ دابینكردنی مووچە تەرخانكردوە، لە بەرامبەردا حكومەتی فیدراڵی تەنها بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری ناردوە، لە كاتێكدا بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا پێویست بوو مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بنێرێت.
وتیشی، حكومەتی هەرێم پێشتر لەداهاتی نەوتیش مانگانە ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دابینكردنی مووچە خەرج دەكرد، بەڵام بەهۆی ئەو چاكسازییانەی كە لەكەرتی وزە بە گشتی كراوە، ئێستا مانگانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت.
رونیشیكردوەتەوە،  لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە ١٣٦ ملیۆن لیتر گازوایل بۆ وێستگەكانی كارەبا تەرخانكراوە كە بەهاكەی  زیاترە لە ١١٦ ملیار دینار.
ئەوەشی خستەڕوو، لەبواری گرێبەستەكانی كۆكردنەوەو چارەسەری خاشاك، ژمارەی گرێبەستەكانی لە  ٢٨ گرێبەست زیادیكردوە بۆ ٣٢ گرێبەست و خەرجی مانگانەی ئەو كۆمپانیایانەی كە گرێبەستیشیان لەگەڵ كراوە، لە ١١،٨ ملیار دینار كەمكراوەتەوە بۆ ٩،٦ ملیار دینار.
وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەشداوە كە لەشەش مانگی رابردوو، چالاكی بازرگانی لە هەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوەو ٤٩٤ هێماو مۆڵەتی بازرگانی دراوەتە كۆمپانیاكان كە داهاتەكەی ٦٠١ ملیۆن و ٨٨٤ هەزار دینار بووە.
هێمای بەوەشکرد،  پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، تەواو بووەو نزیكەی ٢٦٠ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە كە شایستە داراییەكەی زیاتر بووە لە ٢٢٠ ملیار دینار و تا ئێستا نزیكەی ٩٥ ملیار دینار بۆ جوتیاران خەرج كراوە.
ئامادەکردنی- کامەران  کەریم