مەترسی لەسەر کارەبای سلێمانی و گەرمیان دروست دەبێت

(0) / زایەڵە سلێمانی کارەبا گەرمیان


Aug 03, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەڕێوەبەری گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی باسی لە مەترسی لەسەر کارەبای سلێمانی و گەرمیان کرد.

بەڕێوەبەری گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی ئاشکرایدەکات، کە ماوەیەکە دووبارە لەسنووری تەکیەو شۆرش و چەمچەماڵ و خان و سەنگاو، دووبارە دیاردەی لێکردنەوەو بردنی ئاسنی تاوەرەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبا سەری هەڵداوەتەوە، له‌ سنورى ناحیه‌ى ته‌كیه‌ بەفیشەکی فنجانى تاوه‌ره‌كان شکێنراوە و ته‌له‌كانیش بریندار كراون ، بەوەش مەترسی کەوتنی هێڵەکان هەیە کە کارەبا لەوێستگەی غازی چەمچەماڵەوە بۆ ناوچەی گەرمیان و سلێمانی دەگوازێتەوە، به‌كه‌وتنى ئه‌و هێڵانه‌ش شارى سلێمانى و گه‌رمیان بێ كاره‌با ده‌بن.

ئەندازیار سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی بەزایەڵەی  راگەیاند ، بەداخەوە ماوەیەکە دیاردەی بردن و لێکردنەوەی ئاسنی تاوەرەکان دووبارە دەبێتەوەو تا ئێستا نزیکەى (100) تاوەر ئاسنى براوە، ئەوەش مەترسی دروست دەکات بۆ کەوتنی تاوەرەکان، کەهێڵی زۆر ستراتیجی و گرنگن بۆ گواستنەوەی وزەی کارەبا بۆ شارەکان.

بەڕێوەبەری گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی داواشی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە بەجدی کاربکرێت بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە کە دەبێتە مەترسی جدیی لەسەر تاوەرەکانی کارەبا.

هەروەک وتیشی، لەئێستادا تیمەکانمان سەرقاڵی گۆڕینی ئەو فنجانانەن کە شکێنراون.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم