بایدن بە ئاقاری دروستکردنی متمانە یان لەناوبردنی متمانە

(0) / مقالە


Feb 19, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەلای کۆماری ئیسلامییەوە بەرجام پێوەرێک بوو کە ئایا دەتوانێت متمانە بە ڕۆژئاوا بکات یان نا؟ ترامپ بە هاتنەدەرەوەی تاک لایەنە لە ئەم ڕێککەوتنی ناوەکییە وەڵامی نەرێنی بە ئەم پرسیارە دایەوە و ئێستاش جۆ بایدن سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا دەبێت هەوڵێکی زۆر بدات تاکوو ئەم متمانەی لەکیس چووە بگەڕێنێتەوە. هەڵبەت ئەگەر بیەوێت.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە ئیرنا، جۆ بایدن، کەمێک پاش سوێندخواردنی وەک سەرۆک کۆمار، ۱۵ فەرمانی دەرکرد و هەندێک لە ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندەوە کە دۆناڵد ترامپ دایبوو. ئەو لە کاتی دەرکردنی ئەو فەرمانانە وتی کە نابێت کات بەفیڕۆ بچێت.گەڕانەوە بۆ بەرجام و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران لە دەستەی ئەو بەرنامەیانە بوو کە بایدن چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە بەشێکە لە پێشینەکانی ئەو بۆ سیاسەتی دەرەوە.بەڵام ئێستا لەوە دەچێت ئیرادەیەکی سیاسی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە کۆشکی سپی دا بوونی نەبێت. هەندێ لە هەڵوێست و ڕادەربڕینەکانی بەرپرسانی حکومەتەکەی بایدن کە بەردەوام دووپات دەکرێنەوە دەتوانێت بابەتی بەرجام بکاتە گرفتێک کە چارەسەرکردنی زۆر دژوار بێت.

سێرگێی ڕیابکۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی ۲۷ی ڕێبەندان سەرەڕای ئەوەی کە خوازیاری دان بەخۆداگرتنی ئێران لەمەڕ بەرجام بوو، وتی: ئێمە داوا له ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەین کە ئیرادەی سیاسی و ئامادەیی خۆی بە ئێران و ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگای جیهانی بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجام پیشان بدات. کەواتە پێویستە کە هەموو گەمارۆکانی سەر ئیران هەڵبوەشێندرێتەوە.

بنەمای ڕێککەوتنی ناوەکی لەگەڵ ڕۆژئاوا (بەرجام) لەسەر فرە لایەنخوازی و ئاڵوگۆڕییەکی دیپلۆماتیک بوو کە تێیدا ئێران ئەوەی قبووڵ کردبوو که لەبەرانبەر چاودێری کۆنترۆڵ کردنی زۆرتر و سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی بەمەبەستی دروستکردنی متمانە لە فەترەیەکی چەندین ساڵە، گرووپی ۱+۵ ڕێز لە مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بگرن و هەموو گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە هەڵبوەشێننەوە. لەم هەلومەرجەدا هاوبەشە ڕۆژئاواییەکان و ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبوون و ئێستاش تاران تەنیا خوازیاری گەڕانەوەی بایدن ە بۆ هەمان ڕێککەوتنی پێشوو و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان.

بایدن و تیمەکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەو، چەندین جار دەرچوونی ترامپ لە بەرجام و گەمارۆ خستنەسەر ئێرانیان بە هەڵە زانیوە، بەڵام ئێستا لەوە دەچێت کە ڕاوێژکارانی تیمەکەی بایدن ئەوان بە لاڕێدا بردووە چونکە لەم دواییەدا بەرپرسانی تیمەکەی بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجام و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان چەندین مەرجیان داناوە.مەرجێک کە حکومەتەکەی بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجام دایناوە، گەڕانەوەی بەتەواوێتی ئێرانە بۆ بەرجام و ئەوەش کە دواتر، بەرجام دەبێت بنەمایەک بێت بۆ دانوستاندنەکانی داهاتوو سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی ئێران و سیاسەتە ناوچەییەکان.

ماوەیەک لەمەوبەر تۆماس فریدمەن یەکێک لە شرۆڤەکارە ناسراوەکانی ئەمریکا لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بە ناونیشانی " جۆ_ی ئازیز بابەتی ئێران ئیدی ناوەکی نیە" ئاماژەی بەوە کرد که جۆ بایدن دەبێت لە بەردەوامی کارتی گوشاری گەمارۆکان بە ئامانجی ئیمتیاز وەرگرتن لە تاران لە بواری بەرنامەی مووشەکی و بابەتە ناوچەییەکان سوود وەربگرێت. بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیانە نەک تەنیا هیچ ئەنجامێکی نابێت بەڵکوو زیانبەخشیشە.

لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێت بایدن نیازپاکی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجام و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بۆ ئێران بسەلمێنێت. ئەگەر سیاسەتی گوشاری ئەوپەڕی کاریگەری هەبووایە ئەوە ترامپ بوو کە سوودی لێ وەردەگرت. درێژەدان بە سیاسەتە بێ ئاکامەکەی ترامپ بۆ بایدن تەنیا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی کات و لەکیس چوونی دەرفەت و متمانە بە حکوومەتەکەی بایدن.

ئێران چەندین جار ڕایگەیاندووە که بە تەنیا، گەڕانەوە بۆ بەرجام و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی بۆ گرنگە و دواتر پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بەپێی بەرجام دەبێت. بەڵام لەبەرئەوەی ئەوە ئەمریکا بوو کە یەکەم جار لە بەرجام ڕۆیشتە دەرەوە کەواتە لەم دۆخەی ئێستادا سەرەتا دەبێت ئەم وڵاتە گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ بەرجام. بەڵام ئەو داواکارییە لۆژیکەی ئێران تاکوو ئێستا وەڵامێکی ڕوونی لەلایەن حکومەتەکەی بایدن_ەوە دەست نەکەوتووە و بەرپرسە نوێکانی ئەمریکا سوورن لەسەر داواکارییە پێشووەکانی خۆیان.

لەڕاستیدا بەلای کۆماری ئیسلامی بەرجام سەنگێکی مەحەک بوو بۆ ئەوەی کە ئایا دەتوانێت بۆ هاوکاری کردن لە بوارەکانی دیکەدا  متمانە بە ڕۆژئاوا بکات یان نا؟ ترامپ بە هاتنەدەرەوەی تاک لایەنە لە ئەم ڕێککەوتنە ناوەکییە وەڵامی نەرێنی بە ئەم پرسیارە دایەوە و ئێستاش جۆ بایدن سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا دەبێت هەوڵێکی زۆر بدات تاکوو ئەم متمانەی لەکیس چووە بگەڕێنێتەوە، هەڵبەت ئەگەر بیەوێت.

ئەوەی جێگای تێڕامانانە ئەوەیە کە ئێران لە ۵_ی ڕەشەمەوە ئیدی پابەندی پرۆتۆکۆلی ئیلحاقی بە ئامانجی پیادە کردنی یاسای " هەنگاوی ستراتیژیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و پاراستنی مافەکانی گەلی ئێران" نابێت. بڕیارێک کە کۆدەنگی لەسەرە و بەپێی سیاسەتی بڕاوەی تاران لەمەڕ بەرجام گیراوەتەبەر. بەدڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی ناتوانێت لە بەرانبەر گەمارۆکان و گوشاری ئەوپەڕی بێ هەڵوێست بێت.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕۆژی دووشەممە بە ئاماژە کردن بە کۆتایی دەرفەتی چەسپاو لە یاسای هەنگاوی ستراتیژیی بیری هێنایەوە: بەپێی بڕیاری پەرلەمان ئەگەر تاکوو کاتی دیاریکراو (۵_ی ڕەشەمە) ئەندامانی دیکەی بەرجام پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبن، حکومەت دەبێت پرۆتۆکۆلی ئیلحاقی ڕاگرێت و ئەمەش کاتی ناوێت و بەئاسانی ئەنجام دەدرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بۆ میدیاکانی ئاشکرا کرد: ڕاگرتنی چاودێرییەکانی سەرووی ڕێکارەکان بەمانای کۆتایی هەموو چاودێرییەکان نیە.  چونکە ئێمە پابەندی ڕێکارەکانین و بەم پێییەش بەشێکی زۆری چاودێرییەکان درێژەیان دەبێت و تەنیا پرۆتۆکۆلی ئیلحاقی ڕادەگیرێت. هاوکاری ئێمە لەگەڵ ئاژانس بەردەوام دەبێت و ئێران بە نامە ئاژانس لە هەموو بابەتەکان ئاگادار دەکاتەوە.

خەتیب زادە وتیشی: هەموو هەنگاوەکانی ئێران بە ئاسانی پاشگەز بوونەوەی هەیە. بەو مەرجەی کە ئەندامانی دیکەی بەرجام پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بن.

ئەگەر ئیرادەی سیاسی پێویست لە حکومەتەکەی بایدن بوونی هەبێت هەلومەرجی ئێستا دەرفەتێکە بۆ دیپلۆماسی براوە_براوەی تاران و واشنتۆن. پشت بەستن بە تێڕوانینی نالۆژیکی و سەپاندنی گەمارۆکان تەنیا ئەنجامی نەرێنی دەبێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کە جۆ بایدن لە بەرانبەر دژبەرانی ئێران سەربەخۆیی خۆی بسەلمێنێت.