واده‌ی كردنه‌وه‌ی دو بەشی دیکەی شەقامی 150 مەتری هەولێر راگه‌یه‌ندرا

(0) / / اقتصادی / زایەڵە شەقام هەولێر حکومەت خزمەتگوزاری


Aug 13, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی 150 مه‌تریی هه‌ولێر، لە ئێستادا دوو بەشی دیکەی پڕۆژەکە کارکردن تیایدا بەردەوامە و بۆ تەواو بوونی پرۆژەکەش ڕۆژانە 14 کاتژمێر و نزیکەی 2 هەزار کارمەند و 800 پارچە ئامێری جۆراوجۆر کاری تێدا دەکەن.
ئەندازیار ئەمیر عبدوالخالق، سەرپەرشتیاری دروستکردنی پرۆژەی شەقامی ١٥٠مەتری بازنەیی خێرای هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند:''شەقامی خێرای ١٥٠ مەتری بە گشتی چێوەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە، ئەو بەشەی کە تەواوکراوە ١٠ کیلۆمەترە، دوو بەشەکەی دیکە کە کاری تێدا دەکرێت، یەکێکیان ٧.٦ کیلۆمەترە، ئەو بەشەی دیکەشیان ٦.١ کیلۆمەترە. واتا کۆی گشتیی ئەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیایە درێژییەکەی ٢٤ کیلۆمەترە.''
لەبارەی ئەو بەشەی پڕۆژەکە کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە گوتی:''ئەو بەشە لە نێوان جادەی سەرەکی دهۆک تا هەولێرە، تاوەکو ڕێگای سەرەکی هەولێر- بەحرکەیە کە درێژییەکەی ٦.١ کیلۆمەترە، بەڵام وەک ڕووبەری کارکردن وەک ڕێیەکی ٧٥ کیلۆمەتری بە پانیی ٨ مەتر وایە، لەبەر ئەوەی دوو شەقامی سەرەکی بە پانیی ١٩.٥ مەتری و دوو شەقامی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت. دوو یەکتربڕی گەورەی تێدایە، هەروەها دوو ژێر پرد و پردێکی سووڕانەوەی تێدایە و٤٣ سندووقی ئاوبەری جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت.''
سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەندازیار ئەمیر عبدوالخالق، دەڵێت:''لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٢ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرا، ماوەکەی ٥٥٠ ڕۆژە. بەڵام وابڕیارە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی پڕۆژەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو بکرێت، لەپێناو تەواوبوونی خێرای پڕۆژەکەش ڕۆژانە ١٤ کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت، نزیکەی ٢ هەزار کارمەند و ٨٠٠ پارچە ئامێری جۆراوجۆر لە کاردان، هەروەها پڕۆژەکە گشت هێڵکارییەکانی ڕێگا و هێماکانی هاتووچۆ و پەرژینی خۆپاراستن و شۆستە و سیستەمی ئاوەڕۆ لەخۆدەگرێت.''
لەڕووی تایبەتمەندیی و گرنگیی پڕۆژەکە بۆ شاری هەولێر و تەواوی پارێزگاکە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاماژەی دا کە ئەو بەشەی پڕۆژەکە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونکە ڕێگای سەرەکی دوو شار بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە ڕێگای سەرەکی هەولێر - دهۆک و هەولێر - سلێمانییە.