بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بۆ زایەڵە: كەرتی تەندروستی بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت

(0) / / گفتگو / زایەڵە تەندروستی هەڵەبجە د.ئازاد مستەفا


Aug 17, 2022

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە – بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە ئاشکرای کرد؛ ماوەی چوار مانگە 163 كارمەندی پاككەرەوە كە لە نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە كاردەكەن مووچەی مانگانەیان وەرنەگرتووە.
د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە زایەڵەی راگەیاند، ماوەی چوار مانگە 163 كارمەندی پاككەرەوە كە لە نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە كاردەكەن مووچەی مانگانەیان وەرنەگرتووە كە مووچەكەیان بڕی 300 هەزار دینارە بۆ هەرمانگێك، لەكاتێكدا رەزامەندی خەرجكردنی پارەی مووچەی ئەو كارمەندانە دراوە، بەڵام كە نوسراو بۆ بانك دەكەین بۆ خەرجكردنی پارەكانیان پیمان دەڵێن: پارە نییە .
وتیشی، ئەوە كارەساتە و كەرتی تەندروستی بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت چونكە دەرمان كەمە و پارەمان بۆ خەرج ناكرێت كۆمپانیاكانی دەرمانیش ئامادەنین دەرمانمان بە قەرز بۆ دابینبكەن و ئامادە نین پارەیەكی زۆر بخەنە قەرزێكی ماوەدرێژ و نادیارەوە ئێمە نزیكەی ملیارێك دۆلاری كۆمپانیاكان قەرزارین، لەگەڵ ئەوەشدا كەرەستەی پاككەرەوەش بۆ پاككردنەوەی نەخۆشخانەكان نەماوە و كارنەكردنی بەشێكی كرێكارانیش كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر نەخۆش و نەخۆشخانەكان .
 ئەوەشی خستەڕوو، 64 بەركەوتەی چەكی كیمیایی ئەگەر بە زووترین كات چارەسەری پێویستیان بۆ دابیننەكرێت و ڕەوانەی دەرەوە نەكرێن ئەوا بینایی لەدەستدەدەن ئەگەر نەبرێنە دەرەوەی وڵات؛ بۆیە ئەمە هۆشدارییەكە بە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەدەین لە حكومەت و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی فریای كەرتی تەندروستی بكەون لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ئاوڕ لە كێشە و گرفتەكانی كەرتی تەندروستی بدەنەوە .
ئامادەکردنی- کامەران کەریم