پەرلەمانتارێک بۆ زایەڵە ڕایگەیاند: سکاڵای‌ یاسایی‌ لەسەر نەبوونی‌ پارە لە بانکەکانی‌ سلێمانی‌

(0) / / گفتگو / زایەڵە عومەر گوڵپی سلێمانی


Aug 28, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - عومەر گوڵپی ڕایگەیاند: نەبوونی‌ پارە لە بانکەکان کێشەیەکی‌ زۆر گەورەی‌ بۆ دانیشتوانی‌ سنوری‌ پارێزگاکانی‌ سلێمانی ‌‌و هەڵەبجە و گەرمیان ‌و ڕاپەڕین دروستکردووە

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە زایەڵەی ڕاگەیاند،    لەسەرەتای‌ ساڵی‌ (٢٠٢٢)ەوەوە بەربەردەوامی، مووچەی‌ ژمارەیەک فەرمانگە لە سنوری‌ پارێزگاکانی‌ سلێمانی‌ و هەڵەبجەو ئیدارەکانی‌ گەرمیان و ڕاپەڕین دوادەکەوێت و بەپێی‌ ئەو خشتەیە نادرێت کە وەزارەتی‌ دارایی‌ ڕایدەگەیەنێت، هەروەها خەرجکردنی‌ پارە بۆ پڕۆژەکان و پڕۆژەکانی‌ ڕێگاوبان و کۆمپانیاکانی‌ دابینکردنی‌ دەرمان و پێداویستی‌ پزیشکی‌ بۆ نەخۆشخانەکان ‌و کۆمپانیاکانی‌ پاککەرەوە وەک پێویست و بەپێی ڕێنماییەکان خەرج ناکرێت.

وتیشی، نەبوونی‌ پارە لە بانکەکان کێشەیەکی‌ زۆر گەورەی‌ بۆ دانیشتوانی‌ سنوری‌ پارێزگاکانی‌ سلێمانی ‌‌و هەڵەبجە و گەرمیان ‌و ڕاپەڕین دروستکردووە، بەجۆرێک ئەگەر بەردەوام بێت‌ و ئەم دۆخە ڕاست نەکرێتەوە، ماوەیەکی‌ تر کاریگەرییەکانی‌ گەورەتر دەبن ‌و ژیانی‌ خەڵک زیاتر ڕووبەڕووی‌ تەنگ ‌و چەڵەمە دەبێتەوە.

ڕونیشیکردەوە، بە پێی‌ یاسا بەرکارەکان، حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان یەک خەزێنەو یەک وەزارەتی‌ دارایی‌ هەیە، ئەم کێشانەش لە پارێزگاکانی‌ هەولێرو دهۆک ڕوو نادەن بەو جۆرەی‌ لەم دوو پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆیە هەیە، چونکە ئێستە دۆخی داهات زۆر باشەو پارەو لەو پێویستیە ڕۆتینیانەی حکومەت زیاترە.

ئەوەشی  خستەڕوو،  ڕۆژی ١٠ی ٨ی ٢٠٢٢، بە نووسراوی‌ ژمارە (١٩٠)، لە داواکاری‌ گشتی‌ سلێمانی‌ سکاڵای یاساییمان جوڵاند بۆ گرتنەبەری‌ ڕێوشوێنی‌ یاسایی‌ لە دژی‌ هەرکەس و دامەزراوەیەک کە بووبێتە هۆی‌ نەبوونی‌ پارە لە بانکەکانی‌ سلێمانی‌ و دروستبوونی‌ ئەم گرفتە بۆ هاووڵاتیان و مووچەخۆران و فەرمانگەکان و خزمەتگوزارییەکان.

هێمای بەوەشکرد، تۆمارکردنی‌ سکاڵا، دریژەی‌ زنجیرەیەک هەوڵ‌و فشارە کە شەش مانگە گرتوومانەتەبەر بە ئامانجی‌ پاراستنی‌ بەرژوەندی‌ گشتی‌‌و ڕاستکردنەوەی‌ دۆخەکەو گەڕانەوەی‌ پارە بۆ بانکەکان لە کاتێکدا دۆخی‌ دارایی‌ هەرێم زۆر باشە.

ئامادەکردنی- کامەران  کەریم