سیستەمی ھەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵ لایەنەکان ناچار بەھاوپەیمانییەتی دەکات

(0) / مقالە


Feb 22, 2021

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەڵێن لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ھەولیرو سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان، زۆرینەی گروپ و رێکخراوو باڵ و رەوتە جیابووەکان و دەنگە ناڕازییەکانی دەرەوەی سیاسەتی حیزبە کوردییەکان، سەرقاڵی ھاوپەیمانێتیەکن بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق.

وەک ئەڵێن" ئەمەش ھەوڵێکی نوێیە بۆ کەمکردنەوەی دەنگی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی کە ساڵانێکە حیزبی زۆرینەن و جگە لە گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی، بژێوی و موچەی فەرمانبەران و ھاوڵاتیان لە ئاستێکی خراپدایە.

ئەوەش ئەڵێن" ئەوانەی بە نیازی ھاووپەیمانێتیەکەن لە دەرەوەی ئەو دوو حیزبە کوردیە كه بریتین لە" حیزبی رزگاری و ھاوپەیمانی نیشتیمانی ئارام قادرو سێ ئەندامە دەست لە کارکێشاوەکەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان و برادەرانی سەلیم کۆییە لە کۆمەڵی ئیسلامی و کەسایەتی عەبدوڵای کوێخا موبارەکە لە چەمچەماڵ و رەوتی گۆڕانکارییە لە ناو بزوتنەوەی ئیسلامی و ھاوپەیمانێتی ھیوایە لە بەغداو دەنگە ناڕەزاییەکانی لای عەبدوڵای مەلا نورییە لە گەرمیان و بەشێک لە گروپی قورئانیەکانە و برادەرانی ستاندەری مەسعود عەبدولخالقە لە ھەولێرو گروپی گەڕانەوەی لامەرکەزیەت بۆ سلێمانی.

لەلایەکی ترەوە ئەڵێن" بەشێک لە لایەنه عێراقیەکان پشتگیری لەو ھاوپەیمانێتیە دەکەن لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی لەوانە" رەوتی حیکمەی شیعەکان و سەدرییەکان و بەشێک لە لایەنە سونیەکان.

ھەر بەگوێرەی ئەو قسانەی کە ئەڵێن" لەئێستادا زۆرینەی لایەنەکان کەوتونەتە خۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنەکان و پێویستیش دەکات ئەو لایەنانەی پێگەی جەماوەریان لاوازە ھەوڵبدەن یەکبگرن و بەرەیەکی مام ناوەند دروستبکەن، بۆ ئەوەی بونی سیاسییان لەدەست نەدەن، چونکە پەرلەمانی عێراق کارنامەی ئەوەی ھەیە دوای پڕۆژەیاسای بودجە و ھەمواری یاسای دادگای فیدڕاڵی، رۆژێک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق دیاریبکات.

ھەروەھا ئەوەش ئەڵێن" ھەوڵەکان بۆ چڕکردنەوەی پێکھێنانی ھاوپەیمانی لەکاتێکدایە، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ٢٧ی ئەم مانگەی وەک دواین وادە بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانییەتی بۆ بەشداریکردن لەھەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دیاریکردوە.