دوو ملیۆن و 345 هەزار خێزان لە تورکیا کرێی کارەبایان پێنادرێت / 10 هەزار خێزان ناتوانن منداڵەکانیان بەخێوبکەن

(0) / / ترکیه / زایەڵە تورکیا بێکاری هەژاری


Sep 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا لە راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی هەژاری رایگەیاند، دوو ملیۆن و 345 هەزار ماڵ لەو وڵاتە کرێی کارەبایان پێنادرێت و قەرزی کارەبا لەسەریان کەڵەکەبووە. هەروەها 10 هەزار خێزان توانای بەخێوکردنی منداڵەکانیان نییە.

 بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 16 هەزار و 424 خێزان لە تورکیا لە کەلاوە دەژین. ئەو ماڵانەی تێیدا نیشتەجێن کەلاوەیە و بەهۆی زۆر کۆن بوون و ناتەندروستیی بوونیانەوە، بەهیچ شێوەیەک بۆ ژیان گونجاونییە. بۆ نۆژەنکردنەوەی کەلاوەکان پێویست بە 52 ملیۆن و 246 هەزار لیرە (دوو ملیۆن و 866 هەزار دۆلار) هەیە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، 10 هەزار و 498 خێزان توانای بەخێوکردنی منداڵەکانیان نەماوە و خێرخوازان و رێکخراوە مرۆییەکان دەستی هاوکاریی و یارمەتییان بۆ درێژ دەکەن. وەزارەتەکە دەڵێت، 21 هەزار و 130 منداڵ لە دامەزراوەی سۆسیال و هاوکاریی وەزارەتەکە ناویان تۆمارکراوە و 17 ملیۆن و 200 هەزار لیرە (945 هەزار دۆلار)یان بۆ خەرجکراوە و پێویستیان بە یارمەتی هەیە و مانگانە هاوکاری دەکرێن.

 لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، دوو ملیۆن و 345 هەزار و 939 خێزان کرێی کارەبا قەرزارن و توانای ئەوەیان نییە کرێی کارەبا بدەن.

بەشێکیان لە رێگەی وەرگرتنی قەرزی دەستی و بەشێکی دیکەشیان لە رێگەی فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ و بەشێکی دیکەشیان لە رێگەی وەرگرتنی کەمترین قەرزی بانکییەوە، بڕێک لە قەرزەکانیان داوەتەوە لە ترسی ئەوەی کارەبایان نەبڕدرێت.

 لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە لە بەرامبەردا 330 هەزار و 804 خێزانیش کرێی گازی ماڵانیان نەداوە و قەرزەکانیان کەڵەکەبووە. بەشێک لەو هاووڵاتییانە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان، داوای هاوکارییان لە دامەزراوەی سۆسیال و هاوکاریی وەزارەتەکە کردووە.

 وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە لە چوارچێوەی بەرنامەی "بەرەنگاربوونەوەی هەژاریی"دا بۆ ساڵی داهاتوو پێویستیان بە 24 ملیار و 206 ملیۆن و 99 هەزار لیرە (یەک ملیار و 328 ملیۆن دۆلار) هەیە. بۆ ساڵی 2022 وەزارەتەکە داوای 14 ملیار و 906 ملیۆن و 985 هەزار لیرە (817 ملیۆن و 388 هەزار دۆلار) کردبوو. ئەم ژمارەیە بەراورد بە بوودجەی بەرەنگاربوونەوەی هەژاریی بۆ ساڵی 2021، بەرێژەی 62٪ زیادیکردبوو