ھەنگاوەکان بۆ ڕاکێشانی بۆری غازی ماڵان لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە

(0) / / اقتصادی / زایەڵە غاز سلێمانی وزە سووتەمەنی هەولێر حکومەتی هەرێم


Sep 10, 2022

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھەنگاوەکان بۆ ڕاکێشانی بۆری غازی ماڵان دەستی پێکردووە و بۆری غاز بۆ ھەموو ماڵێک رادەکێشن و ھیچ تێچووێکیشی لەسەر ھاووڵاتی نابێت، دەشڵێت، ھەموو کارەکان کۆمپانیاکان ئەنجامی دەدەن و ھاووڵاتیان تەنها پارەی ئەو غازە دەدەن کە سەرفی دەکەن.  
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان (شەممە 10-9-2022) بە میدیای فەرمیی پارتی، ڕاگەیاند، "لە رێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە بۆری غاز رادەکێشرێت بۆ ماڵان و لە پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ و شار و شارۆچکەکان عەمباری غاز دروست دەکرێن و سیستەمی غاز وەکو وڵاتانی لێ دێت و بەقۆناغ لەھەموو کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بۆیە ئەوە یەک پڕۆژە نیە و چەندین پڕۆژە لەخۆ دەگرێت کە کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەو پڕۆژانە ھەڵدەستن".  
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھەنگاوەکانمان دەستپێکردووە بۆ مۆڵەتدانی دروستکردنی عەمبار و پەسەندی کۆمپانیاکانمان داوە کە بەو کارە ھەڵدەستن، بۆیە پێویستە خۆیان رێکبخن و دەست بەکار بکەن و مەرجی ئێمە ئەوەیە سیستەمی غاز ببێتە مەرکەزی".  
 سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان باسی لەوەشکردووە، " ئەو پرۆسەیە کاری بۆ دەکرێت و کاردەکەین زەوی بۆ عەمبارەکان تەرخان بکرێت و ئەوەی دیکەش دەمێنێتەوە لە کوێ و چۆن دەست بەدروستکردنی بکرێت، بۆیە ھەوڵدەدەین  ئەمساڵ دەستپێبکات، چونکە خەرجی زۆر و کاتی زۆریشی پێویستە".  
جەختیشیکردووەتەوە، "دروستکردن و راکێشانی بۆری غازی ماڵان ھیچ تێچوویه‌کی لەسەر ھاووڵاتی نابێت، هاووڵاتیان بۆری غازیان بۆ رادەکێشرێتە ماڵ و غازیش گران نابێت، تەنھا ئەوەیە چەند غاز بەکار بێنن پارەی ئەو غازە دەدەن".