لە سلێمانی زیاتر لە ٥٠ پرۆژە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە

(0) / / اقتصادی / زایەڵە سلێمانی قوباد تاڵەبانی پڕۆژە


Sep 11, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - قوباد تاڵەبانی وەک ئەندامێکی فەخری ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی و جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەمڕۆ ١١ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەشداریکرد لەکۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی .
لەکۆبوونەوەکەدا بەوردی گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی خزمەتکردنی شاری سلێمانی و ئاسانکاری بۆ مامەڵەکانی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی رۆتین لەدامەزراوەکانی حکومەت کرا .
سەمیر ھەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیران لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند خۆشبەختانە لەکۆبوونەوەکەدا ئەوەئاشکراکرا  کە ٣٩ پرۆژە کە کەرتی تایبەت پێشکەشیکردوون تەواوبوون و ئامادەن بۆ مۆڵەتی کۆتایی و کارکردن ، ١٥ پرۆژەش سایت پلانی تەواوبووە و ئامادەی کارکردن و ھەر ئەمڕۆش ٢ پرۆژەی ستراتیژ و گرنگی گەشتیاری لە ( گۆیژەو چەمی قلیاسان ) رەزامەندی لەسەر دران و بەھەمان شێوە پێشکەشکران تا لەنزیک ترین کاتدا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە کەبەمەش لەماوەیەکی کورتدا زیاتر لە ٥٠ پرۆژە لە سلێمانی دەچێتەبواری جێبەجێکردنەوە .
وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیران روونیشیکردەوە،   جێبەجێکردنی ئەم پرۆژانە کاریگەری زۆرباشی دەبێت لەسەر زیاتر بوژاندنەوەی ئابووری و رەخساندنی ژمارەیەکی زۆر ھەلی کار و بەگەڕخستنی زیاتری بازاڕو کاروکاسبی لە سلێمانی .
 وتیشی،  ئامانجی قوباد تاڵەبانی ئەوەیە کە فەرمانگەکان خزمەت بکەن و خزمەتکار بن و رۆتین کەمبکرێتەوە  لە رایکردنی مامەڵەکاندا بە تایبەت لەماوەی رابردوو بەڕێزیان گلەیی و رەخنەی پێگەیشت لەبارەی چۆنێتی رایکردن و مامەڵەی فەرمانگەکان لەگەڵ خەڵک ، بەتایبەت  پەیوەست بە کاروبارەکانی  کەرتی تایبەت کە خۆشبەختانە بنەمایەکی زۆر باش جێگیرکرا کە لەمەودوا کاری لەسەر دەکرێت  و بەرەسمیش  جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی راسپارد باشتر کاروبارەکان رایبکەن و خزمەتی ھاووڵاتیان بکەن و ئەرکی سەرشانیان بەبەرپرسیارێتییەوە رابپەڕێنن .
ئامادەکردنی- کامەران  کەریم