"تەکیەی کەسنەزانی" میوانداری زیارەتکارانی ئەربەعین و سیمبۆلی تەبایی و برایەتی شیعە و سوننە

(0) / / راپورت / زایەڵە ئەربەعین زیارەت ئیمام حوسێن تەکیەی کەسنەزانی کوردستان


Sep 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – هەموو ساڵێک لە سەروبەندی بیستی مانگی سەفەر و چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لێ بێت) هۆگران و عاشقانی ئەو حەزرەتە هەوڵ بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ئەربەعین و ڕۆیشتن بە پیادە بۆ مەزارگەی پیرۆزی دەدن.
ئەمساڵ بە لێکتێگەیشتنی بەرپرسانی باڵای دوو وڵات بە تایبەت وەزیرانی ناوخۆی ئێران و عێراق، وابڕیار درا بەشێک لە زیارەتکارانی ئەربەعینی حوسێنی لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستانەوە داخڵی خاکی عێراق ببن. سنوورەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخ بۆ ئەم مەبەستە دیاری کران و هەموو ئامادەکارییەک کرا و بەسەردکردنەوەی دەروزاەی باشماخ لە لایەن ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناخۆی ئێران و هەروەها سەردانی پارێزگارانی کوردستان و سلێمانی بۆ دەروازەکە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروبار و ئامادەکارییەکانی پێشوازیی لە زیارەتکاران، گرنگیدانی ئەم بابەتەی بۆ هەمووان دەرخست.
بەڵام ئەوەی زیاتر سەرەنجی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا بە تایبەت بۆ ئەوانەی ساڵانی پێشوو و لە سنوورەکانی دیکەوە ڕۆیشتبوونە خاکی عێراقەوە و بەشدارییان لە ڕێپێوانی گەورەی ئەربەعین کردبوو، شێوازی هەڵسوکەوت و پێشوازیی گەرمی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر لە زیارەتکاران بوو.
تەکیەی قادری کەسنەزانی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەی بەردەوام و بە بەشداریی ژمارەیێکی زۆر لە هاوڵاتیانی کورد و عێراقی و دیکەی وڵاتان، یادی عاشوورای دەکردەوە، ئەمساڵ میوانداریی لە زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن (سەلامی خودای لێ بێت) کرد.
تەکیەی کەسنەزانی بەوپەڕی دڵفراوانییەوە خانەخۆیی عاشقان و هۆگرانی ئالی بەیت و ئیمامی شەهید حسێنی کوڕی ئیمام عەلی سەلامی خوایان لێ بێت کرد و دیمەنێکی جوان و یادگارییەکی هەرمانیان بۆ زیارەتکاران هێشتەوە و نموونەیێکی جوانی لە تەبایی و برایەتیی موسڵمانان و شیعە و سوننە بە هەموو کۆمەڵگای ئیسلامی و جیهان، پیشان دا.
ئەوەی لە ڕێپێوانی گەورەی ئەربەعین زیاتر لە هەر شتێک پێویستە پیشان بدرێت، نیەت و مەبەستی زیارەتکارانە کە بێ گومان بەشدارییەکی وا مەزن بە هیچ لەونێک نکۆڵی لێ ناکرێت، بەڵام ئەوەی گرینگە نیەتی زیارەتکارانە کە بۆ هەر بینەرێکی بەویژدان و بەئاگا ئەوەی کە زیارەتکار بە دڵێکی ساف و بێ گەرد و نیەتێکی پاک و ئەوپەڕی عەشقەوە ئەو ڕێگە دوور و درێژ و پڕ لە سەغڵەتیە دەبڕێ، سەلمێنەری پیرۆزیی ئەو کارەیە. هاوکات ئەوانەی ئەم جارە ڕێگای کوردستانیان بۆ گەیشتن بە کەربلا گرتە بەر نیەت و پێوەندیی لەبن نەهاتووی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەم ڕووداوە پیرۆزەیان بە دیاریکراوی هەست پێ کرد.
بۆ زانینی ڕا و بۆچوونی زیارەتکارانی ئێرانی لەوباریەوە کەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ چەند زیارەتکارێک کە هەموویان پێشوازی گەرمی تەکیەی کەسنەزانی و خزمەتگوزارییەکانیان بەرز نرخاند و جەختیان لە سەر بەردەوامبوون و پەرەپێدانی ئەم برایەتی و تەباییە کردەوە.
بە وتەی بەرپرسانی موکب (شوێنی مانەوە)ی محمدرسول الله لە شاری سلێمانی میواندارییان لە زیاتر لە ٢٥ هەزار زیارەتکار کردووە.
چووینە نێو زیارەتکاران لە موکبی محمد رسول اللە لە سلێمانی و سەبارەت بە شێوازی پێشوازیی و هەڵسوکەوتی هاوڵاتیانی سلێمانی و دیکەی ناوچەکان لەگەڵیان کەوتینە وتووێژ.
عەلی محەمەدی زیارەتکار لە شاری قوم جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کوردان هەمیشە بە جوامێری و میواندۆستی ناسراون و لەم سەفەرەدا ئەمە بۆ ئێمە زیاتر لە جاران سەلما. ناوبراو باسی لەوەش کرد کە هاتنەناو عێراق لە باشماخەوە زۆر باش و بێ کێشە بووە و بێ ماتڵ بوون کاروبارەکانیان جێبەجێ بووە و هاوکات کەشوهەوای کوردستان بۆتە هۆی ئەوەی زیارەتکاران وەک ئەوانەی دیکەی ناوچەکانی عێراق، نەکەونە ئازیەتەوە.
سەبارەت بە شێوازی پێشوازیی و خزمەتگوزاریی لە تەکیەی کەسنەزانی ڕایگەیاند بەو پەڕی دڵفراوانی و میواندۆستییەوە پێشوازیی لە هەموو زیارەتکاران کرا و بێ وێنە بوو و هەموو شتێک دابین کراوبوو و بە کردەوە بینیمان کە میوانداریی کوردان لە سەروو هەمووانە.
مەعسوومە ڕووزبەهانی زیارەتکار لە تارانەوە لەمبارەیەوە وتی: ئەزموونی چوون بۆ ئەربەعین لە ڕێگای کوردستانەوە ئەزموونێکی جوان و لەبیرنەکراو بوو. لە سنوور هیچ کێشەیێک نەهاتە پێشەوە و پێشوازییەکی زۆر تایبەت لە زیارەتکاران کرا و جیا لە هەڵسوکەوتی خەڵکی کە زۆر باش بوو لە تەکیەی کەسنەزانی وەها خزمەت کراین کە قەت هەستمان بە غوربەت نەدەکرد و وەکو ئەوە وا بوو لە وڵات و ماڵی خۆماندا بین.
خاتوون ئەحمەدی کە ئەویش لە تارانەوە هاتبوو بۆ ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لێ بێت) باسی لە پێشوازی گەرم و بێ وێنەی خەڵک و تەکیەی کەسنەزانی کرد و ڕایگەیاند ئەوە یادگارییەکە کە قەت لەبیر ناچێت.
هاوکات حەسەن محەمەدی هاوڵاتی کوردستانی کە خۆی بە ئاشقی ابا عبداللە الحسین دەناسێنێ و چەندین جاری دیکە ڕێگەی کەربەلای بۆ بەشداریی لە ئەربەعین گرتۆتەبەر بۆ زایەڵە، وتی: بۆ یەکەم جارە لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە ڕێگەی زیارەت دەگرینەبەر، ئەزموونێکی جوان و لەبیرنەکراوە بوو و پێشوازیی بەرفراوان و گەرمی خەڵکی و بە تایبەت تەکیەی کەسنەزانی بوو بە یادگارییەک لە زەین و دڵی هەموو زیارەتکاراندا.
ڕاشیگەیاند لەوەتەی لە سلێمانی ماوەتەوە بۆ یەک چرکەش هەستی بە غەریبی نەکردووە و هەڵسوکەوت و پێشوازیی برایانە و دۆستانەی خەڵک بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەگەر جارێکی دیکە ڕێگەی زیارەت بگرێتەبەر ئەم ڕێگایە هەڵبژێرێت.
ئەم زیارەتکارە سوپاسی تەکیەی کەسنەزانی کرد کە بە وتەی ئەو بەوپەڕی دڵسۆزی و میهرەبانییەوە خزمەتی زیارەتکارانیان کردووە.
عەلی ئەبازەری لە سمنانەوە کە بۆ زیارەتی ئەربەعین ڕێی کوردستانی گرتۆتەبەر ڕایگەیاند بە هەر هەنگاوێک لە سەر خاکی کوردستان بەرەوە عەتەباتی عالیات هەستی بە فەرهەنگی شەهادەت و خۆشەویستیی ئیمام حوسێن سەلامی خوای لەێ بێت لە نێو خەڵکی کوردستان کردووە و ئەم هەستەی لە هیچ شوێنێکی دیکە نەبووە.
ئەبازەری باسی لە پێشوازیی و خانەخۆیی بێ وێنەی تەکیەی کەسنەزانیش کرد و وتی بۆ ئەوانەی پێشتر چەندین ئەزموونی زیارەتی کەربەلایان بووە، ئەم پێشوازییە لەبیرنەکراو و بێ وێنە بووە.
ڕێپێوانی ئەربەعین دیاردەیێکی پیرۆزە کە لە بوارەکانی ئایینی، سیاسی، کۆمەلایەتی و فەرهەنگییەوە ڕەهەند و دەفرایەتی جۆربەجۆر و کاریگەری هەیە و بۆ هاتنەدی و پتەبوونی برایەتی و تەبایی نێوان موسڵمانان بە تایبەت دوو ئایینزای سوننە و شیعە بە دەرفەتێکی زێڕین دادەنێرت بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان.