بەشداریی سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال

(0) / / کردستان / زایەڵە هەرێمی کوردستان مام جەلال


Oct 03, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەمڕۆ 3/10/2022 پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالە، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و بەشداریی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆک کۆمار و کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ لە سلێمانی و هەولێر ڕێوڕەسمی تایبەت بە یادی پێنج ساڵەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال بەڕێوەدەچێت و بڕیارە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بگاتە هەولێر بەمەبەستی بەشداریکردن لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
هەر ئەمڕۆ بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال و بۆ بەشداریکردن لەو یادەدا، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق دەگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەروەها کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و دیپلۆماتکاران سەرجەمیان بەشداری دەکەن لە ڕێوڕەسمی یادی کۆچی دوایی مام جەلالدا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا هەریەکە لە نێچیرڤان بەرزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەروەها سەرجەم سەرۆک و سکرتێری حزبەکانی هەرێمی کوردستان بەشداردەبن.
سەرۆک مام جەلال پێنج ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژی سێشەممە 3/10/2017 کاتژمێر 3:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
سەرۆک مام جەلال سەرۆککۆماری عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆژی 17-12-2012 لە بەغداد باری تەندروستیی تێکچوو، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە ڕۆژی 19-7-2014 گەڕایەوە سلێمانی، دوای ماوەیەک مام جەلال لە بەغداد دۆخی تەندروستی جارێکی دیکە تێکچوو و گەیەندرایە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ چارەسەر، لە ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2017دا لە نەخۆشخانەیەکی بەرلین لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
سەرۆک مام جەلال ناوی تەواوی جەلال حیسامەدین نورەڵا تاڵەبانی-ە، لە ساڵی 1933 لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە، سەرۆک مام جەلال ساڵی 1959 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە.
سەرۆک مام جەلال لە ناوەڕاستی ساڵی 1970 لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەرگیریی کردووە، مام جەلال لەگەڵ ئەوەی خوێندکار بووە لە بەغداد و دوای تەواوکردنیشی لە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی بەردەوامبووە.
مام جەلال لە ساڵی 1976 لە شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دامەزراند و بووە سکرتێری گشتیی یەکێتی، لەو سێ کۆنگرەیەی کە تا کۆچی دوایی مام جەلال بەسترا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مام جەلالیان وەک سکرتێری گشتیی حزبەکە هەڵبژاردەوە.
سەرۆک مام جەلال لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن لە ساڵی 2003، ئەندامی مەجلیسی حوکمی عێراق بووە و بۆ خولێکیش سەرۆکی ئەو مەجلیسە بووە، لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.
سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم کورد و یەکەم سەرۆک کۆماری عێراق دوای ڕژێمی بەعس لە ڕۆژی 6 ی نیسانی 2005 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا وەک کوردێک بووە سەرۆک کۆماری عێراق.
سەرۆک مام جەلال لە ڕۆژی 22 ی نیسانی 2006 جارێکی دیکە وەک سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە، بۆ جاری سێیەم و لە ساڵی 2010ـیش جارێکی دیکە سەرۆک مام جەلال بووەوە سەرۆک کۆماری عێراق.