گیانلەدەستدانی ١٥ کەس؛ کەشتیەکى کۆچبەران لە یۆنان نقوم بوو

(0) / / جهان / زایەڵە کۆچبەر یونان


Oct 06, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە دوورگەی لێسبۆسی یۆنان نوقمبوو، لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستدا و کەسانی دیکەش بێسەروشوێن بوون

پاسەوانی کەناراوەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تەرمی 15 کەس لە نزیک دوورگەی تەنیشت کەناراوەکانی تورکیا دۆزراونەتەوە، دوای ئەوەی بەلەمێک کە نزیکەی چل کەسی تێدابوو نقومبوو، بەهۆی بای بەهێزەوە

دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوەدا کە پێنج کەس رزگارکراون و ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن بۆ یارمەتیدانی سێ کەسی دیکە، ئەوەش بەپێی ئاژانسى فرانس پرێس

تا ئێستا نزیکەی ٢٠ کەس بێسەروشوێنن، کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان و کۆپتەرێکی هێزی ئاسمانی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردنى کۆچبەرەکانیان دەستپێکرد

بەدرێژایی کەناراوەکانی فراوانتری دوورگەی لێسبۆس گەڕان بەدوای ئەو کۆچبەرانەدا ئەنجامدرا کە ڕەنگە گەیشتبێتنە کەناراوەکان و سێ کۆچبەریش لە ناوچەیەکی دووردا گیریان خواردووە

چەند کاتژمێرێک پێشتر دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند بەلەمێک کە وادیارە ٩٥ کەسی تێدابووە، لە نزیک دوورگەی سیتێرا نوقم بووەهیچ وردەکارییەک لەبارەی ڕەگەزنامەی قوربانییەکان ئاشکرا نەکراوە و پاسەوانی کەناراوەکان ڕایگەیاندووە، خێرایی با لە ناوچەی سیتێرا ١٠٢ کیلۆمەتر بووە لە کاتژمێرێکدا

هاتووچۆی کۆچبەران لەمساڵدا لەیۆنان زیادی کردووە و زۆرجار قاچاخچیەکان درێژترین و مەترسیدارترین ڕێگا لە باشووری ئەو وڵاتە دەگرنە بەر

بەلەمەکان لەئێستادا تورکیاوە ناڕۆن بەڵکو لە لوبنانەوە دەڕۆن بۆ ئەوەی خۆیان لە پۆلیس لە دەریای ئیجە بەدەر بکەن و هەوڵ بدەن بگەنە ئیتاڵیا

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاندووە، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی هەزار و 500 کەسیان رزگارکردووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2021دا کەمتر لە 600 کەس بووە

یۆنان بەردەوام زانیارییەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی مافی مرۆڤ ڕەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە شێوەیەکی نایاسایی گەڕێنراونەتەوە بۆ تورکیا