ئاوات محەمەد: ریکلامکردن بۆ جگەرەی ئەلیکترۆنی رێگەپێنەدراوە

(0) / / گفتگو / زایەڵە سلێمانی جگەرە تاوان تەندروستی ئاوات محەمەد


Oct 28, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - قائیمقامی سلێمانی جەختدەکاتەوە، هەر کەس و شوێنێک جگەرەی ئەلیکترۆنی بەمێرد منداڵ بفرۆشێت یان ریکلامی بۆ بکات روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە.
ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی  بە زایەڵەی ڕاگەیاند،  لیژنە هاوبەشەکان گیروگرفت بۆ کاروبازرگانی هیچ دوکاندار وبازرگانێک دروست ناکات، بەڵام پێویستە ئەوانیش لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان چالاکییە بازرگانییەکان ئەنجام بدەن.
وتیشی، بەشێک لە دوکاندار و خاوەن مارکێتەکان بەبێ رەچاوکردنی تەمەن و تێپەڕاندنی (مێرد منداڵی)، جگەرە و جگەرەی ئەلیکترۆنی بە تەمەن خوار(18) ساڵ دەفرۆشن، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە.
لەکۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵا، قائیمقامی سلێمانی لیژنە هاوبەشەکانی راسپارد بەدواداچونەکانیان زیاتر بکەن و بەهەمو شێوەیەک رێگری لە ریکلام کردن لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی بکەن، هەر دوکان و مارکێتێکیش بە مێردمنداڵی بفرۆشێت روبەڕوی رێکارە یاساییە توندەکانی بکەنەوە.
لای خۆشیەوە، رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان بەزایەڵەی  ڕاگەیاند،  بەڵێننامەی یاساییان بەچەند کەسێک لەو چالاکوانانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ریکلامیان بۆ جگەرەی ئەلیکترۆنی کردوە پڕکردوەتەوە کە جارێکی دیکە دوبارەی نەکەنەوە، بەپێچەوانەوە لەرێگەی داواکاری گشتییەوە روبەڕوی رێکارە یاساییە توندەکانیان دەکەنەوە.
لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم