پەرلەمانتارێک بۆ زایەڵە لێکیدایەوە: نه‌بوونی‌ یاسای‌ بودجه‌، یەکەم هەنگاوی‌ شاردنەوەی‌ داهات‌و خەرجیە لە کوردستان

(0) / / گفتگو / zayeLe زایەڵە کوردستان عومەر گوڵپی یاسای بودجە


Oct 30, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەندامی پەرلەمانی کوردستان  ڕایگەیاند؛ "ئێمە لە کوردستان حکومەت‌و دەسەڵات هێندە دوورن لە کەمترین بنەماکانی‌ کاری‌ حکومەتداری‌ کە تەنانەت هەر یاسای‌ بودجەی‌ نیە، کە ئەمە ئەلف‌و بای‌ هەر حکومەتێکە، ئێمە پارەو داهاتی‌ ئەم وڵاتە بە موڵکی‌ خەڵکی‌ کوردستان دەزانین نەوەک دوو حزبی‌ سیاسی‌، بۆیە بەردەوام دەبین لەسەر داواکردنی‌."
عومەر گوڵپی  ئەندامی  پەرلەمانی کوردستان  بە زایەڵەی  ڕاگەیاند،  بە پێی‌ یاسا، دەبوو لە سەرەتای‌ ئەم مانگەوە، حکومەت پڕۆژە یاسای‌ خۆی‌ بۆ ساڵی (٢٠٢٣) بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام گەیشتینە کۆتایی‌ مانگ، ئەم کابینەیەش هاوشێوەی‌ کابینەی‌ پێشوو پڕۆژە یاسای‌ بودجەی‌ بۆ هیچ ساڵێکی‌ دارایی‌ نەناردە پەرلەمان. بە نەبوونی‌ یاسای‌ بودجە، واتە حکومەت سەرجەم کارەکانی‌ لە بواری‌ داهات‌و خەرجی‌ بە نایاسایی‌ دەکات، تەنها ئەم خاڵەش بەسە بۆ ئەوەی‌ حکومەتی‌ لەمجۆرە دەرفەتی‌ مانەوەی‌ پێ نەدرێت نە لەلایەن خەڵک نە لەلایەن پەرلەمانەوە.بە نووسراوی‌ ژمارە (٢٧٠)، لە ٢٦ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٢، جارێکیتر ئەم پرسیارەمان ئاراستەی‌ سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران کردەوە، کە بۆچی‌ بۆ ساڵی‌ (٢٠٢٣)ش، هاوشێوەی‌ سێ ساڵی‌ ڕابردووی‌ تەمەنی‌ کابینەی‌ نۆیەمی‌ حکومەت، پڕۆژە یاسای‌ بودجەتان نەناردە پەرلەمان؟ ئایا ئەکرێت حکومەت لە ساڵی‌ (٢٠١٣)ەوە یاسای‌ بودجەی‌ نەبێت .
وتیشی، وەڵامی‌ حکومەت لە ڕابردوودا بۆ نەبوونی‌ یاسای‌ بودجە، نەناردنی‌ بەشە بودجەی‌ هەرێمی‌ کوردستان بووە لە بەغداوە، سەیرە! خۆت مانگانە نزیکەی‌ (١,٢١٣,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) یەک ترلیۆن ‌و دوو سەد و سێنزە ملیار دینار داهاتت هەبێت، کەچی‌ بڵێی‌ بۆیە یاسای‌ بودجەم نیە چونکە بەغدا (٢٠٠ ملیار)م بۆ نانێرێت! باشە کاتێک حکومەت بە کرداریی‌ داهات‌و خەرجی‌ هەیە، بۆچی‌ ئەم داهات‌و خەرجیانە لە یاسای‌ بودجەدا ڕێک ناخات ،بێگومان کاتێک پڕۆژە یاسای‌ بودجە نابێت، ئەوە ئەم دۆخە خراپەی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ دروست دەبێت کە لە کوردستان هەیە، کە سەرەکیترین کێشەکان ئەمانەن، چەند كەسێكی كەم نەبێت کەس نازانێت داهاتی‌ ڕاستەقینەی‌ هەرێم چەندە و چۆن خەرج دەکرێت،  نادادگەریی‌ دروست دەبێت لەدابەشکردنی‌ داهاتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بەسەر ناوچەو شارو بوارو سێکتەرەکاندا.  بچوکترین شەفافیەت لە داهات‌و خەرجیدا نابێت.  حکومەت هیچ پلان‌و بەرنامەیەکی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌‌و کۆمەڵایەتی‌ نابێت.  دیار نیە حکومەت چی‌ دەکات لە بواری‌ پەرەپێدانی‌ کەرتەکانی‌ کشتوکاڵ‌و بازرگانی‌‌و پیشەسازی‌‌و گەشت‌و گوزار.  نادادگەریی‌ دروست دەبێت لە پرۆژەکانی‌ خزمەتگوزاریی‌. دیار نیە حکومەت چەند قەرزارە؟ لە کێ‌و چ دەزگاو کۆمپانیاو دامەزراوەیەک قەرزی‌ کردووە؟ چۆن دەیداتەوە، دیار نیە حکومەت کەی‌ قەرزی‌ مووچەخۆرانی‌ دەداتەوە ،دیار نیەحکومەت چۆن ئەو قەرزانەی‌ هەیەتی‌ لای‌ بازرگان‌و هێندێک کۆمپانیای‌ چۆن‌و کەی‌ وەریان دەگرێتەوە کە بڕەکەیان نزیکەی‌ (٩٠٠ ملیار) دینارە. نە پەرلەمان ‌و نە دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ توانای‌ چاودێری‌ وردو بابەتیانەی‌ داهات‌و خەرجیان نابێت. مووچەی‌ هیچ مووچەخۆرێک مسۆگەر نابێت. دیار نیە کەی‌ پلە بەرزکردنەوەی‌ مامۆستایان ‌و فەرمانبەران دەست پێدەکاتەوە، کەی‌‌ و چۆن‌و چەند هەلی‌ دامەزراندن دەڕەخسێنرێت بۆ گەنجان بۆچی‌ گرێبەستەکان ناکاتە هەمیشەیی‌ ،کەی‌ یەکەمەکانی‌ زانکۆ دادەمەزرێنێت،  کەی‌ کێشەی‌ وانەبێژان چارەسەر دەکات، کەی‌ کێشەی‌ کەمئەندامان چارەسەر دەکات .
ئەو پەرلەمانتارە  ئەوەشی  خستەڕوو، ئەمانەو دەیان کێشەی‌ تر، هۆکاری‌ نەبوونی‌ یاسایەکی‌ بودجەن کە بە پێی‌ ستانداردە زانستیەکانی‌ زانستی‌ ئابوری‌‌و دارایی‌‌و کارگێڕی‌ داڕێژرابێت، چونکە بە پێی‌ جۆرو چۆنیەتی‌ یاسای‌ بودجە دەتوانرێت حکومەتی‌ خراپ‌و باش بناسینەوە، ئێمە لە کوردستان حکومەت‌و دەسەڵات هێندە دوورن لە کەمترین بنەماکانی‌ کاری‌ حکومەتداری‌ کە تەنانەت هەر یاسای‌ بودجەی‌ نیە، کە ئەمە ئەلف‌و بای‌ هەر حکومەتێکە، ئێمە پارەو داهاتی‌ ئەم وڵاتە بە موڵکی‌ خەڵکی‌ کوردستان دەزانین نەوەک دوو حزبی‌ سیاسی‌، بۆیە بەردەوام دەبین لەسەر داواکردنی‌.
ئامادەکردنی- کامەران  کەریم