جموجوڵی بەرفراوان لە پارلەمانی عێراق پاش بڕیاری ناتۆ لە زیاد کردنی ھێزەکانیان لە عێراقدا

(0) / مقالە


Feb 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

پاش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی عێراق لە زیادبوونی ژمارەی ھێزە ئەمریکییەکان  و وردەکارییەکانی دوا بڕیاری ناتۆ سەبارەت بە ھەشت قات کردن و ڕوون کردنەوەی ئامانجە سیاسییەکانی ھێزەکانی لەم وڵاتە، سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق ھەواڵی زیاد بوونی جمووجووڵی ھەندێک لە فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لەم بارەیەوە ئەندامی ھاوپەیمانی پەرلەمانی فەتح ڕوونیکردەوە: لە ڕۆژانی داھاتوودا قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە مەبەستی ڕوونکردنەوە سەبارەت بە بڕیارەکەی ناتۆ لە زیادکردنی ھێزەکانی لەم وڵاتەدا و دەرخستنی ئەم ڕاستییە کە ئایا دەوڵەت داوای لە ناتۆ کردووە یان نا بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت.

ئەم نوێنەرەی پەرلەمانی عێراق لە وتووێژ لە گەڵ "العربی الجدید" ڕایگەیاند: چەندین فراکسیۆن لە ھاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا لە ھەوڵی پەسەندکراوێکی نوێ لە پەرلەماندان کە گوشار بخەنە سەر دەوڵەت ھەڵوێستی فەرمی لە بەرانبەر ژمارەی ھێزە بیانییەکان بە تایبەت ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا و ناوچە نیشتەجیکانیان و ئامانجی ئێستایان و ھۆکاری ھەشت قات بوونەوەی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق بگرێتە بەر.

ھەروەھا وتی : کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق پێشتر داوای ڕوونکردنەوەی لە دەوڵەتی عێراق کردبوو بەڵام لایەنی بەرپرسیار لە وەڵامدانەوەی ئەم داخوازییە خۆی شاردەوە.

ئەعرەجی پێشتر لە تووئیتێکدا نووسیبووی : ناتۆ بە ھاوکاری و ڕازیبوونی دەوڵەتی عێراق لەم وڵاتەدا چالاکی دەنوێنێ و ئامانجی ھێزەکانی ناتۆ لە مانەوە ڕاوێژکارییە و سەربازی نییە و ئێمە لە ئەزموونی ئەوان بۆ فێرکردنی ھێزە عێراقییەکان  و بە ھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری کەڵک وەردەگرین و ھیچ ڕێکەوتنێک سەبارەت بە ژمارەی فێرکارە سەربازییەکان بوونی نییە.

ھەر لەم بارەیەوە عەباس الزامی ئەندامی ھاوپەیمانی پەرلەمانی فەتح وتی: عێراق پێویستی بە ھێزی دەرەکی نییە و زیاد بوونی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراقدا بە ھەر ھۆکارێک بێت، دەبێ پەرلەمان پەسەندی بکات .

ڕەعد ئەلماس ئەندامی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالکی روونیکردەوە: بڕیاری زیاد کردنی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراقدا بڕیارێکی نەگونجاوە و دەبێتە ھۆی درووستبوونی ئاڵۆزی لە عێراق و ناوچەکەدا. ھەروەھا وتی: عێراق پێویستی بە ھیچ ھێزێکی دەرەکی زیادە لە خاکی خۆی دانییە، لە ڕاستیدا پەسەند کراوی فەرمی سەبارەت بە دەرکردنی ھەموو ھێزە دەرەکییەکان بوونی ھەیە و زیاد کردنی ئەم ھێزانە شتێکی قبووڵ نەکراوە، ھاتنی ھەر ھێزێکی دەرەکی بۆ عێراق پێشێلکردنی دەسەڵاتدارێتی نەتەوەیی و کردەوەیەکی نەگونجاوە کە ئاکامێکی مەترسیداری بە دوادا دەبێت.

ھەر لەم بارەیەوە  ئەحمەد نەعیمی، کارناسی کارووباری ئەمنی عێراق سەبارەت بە زیاد کردنی ژمارەی ھێزەکانی ناتۆ وتی: زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و ھێرشە مووشەکییەکانی گرووپە چەکدارەکان لە ھەولێر و سەلاحەدین و بەغدادپ ەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بڕیاری ناتۆ سەبارەت بە زیاد کردنی ھێزەکانی لە عێراقدا ھەیە.

نەعیمی ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد: لە باری یاساییەوە لە بەر ئەوەی بوونی ھێزەکانی ناتۆ لە بنەڕەتدا بە پێی ڕێکەوتنەکانی پێشووە و زیادکردنیان لە سەر ڕێکەوتنێکی نوێ نییە پێویستی بە بڕیاری پەرلەمان نابێت و پەرلەمان ناتوانێت ھەڵویستی دژ بە زیاد کردنیان ھەبێت.

ھەروەھا وتی پەرلەمان دەتوانێت بە دەرکردنی پەسەندکراوی نوێ رێکەوتنەکەی سالی ٢٠١٤ کە تێیدا ڕێگەی ھاتنی بە ھێزەکانی ناتو دابوو پووچەڵ بکاتەوە . لە کۆتاییدا وتی ئەم کردەوەیە پێویستی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمان (سەرەوەی ٥٠%) ھەیە کە فراکسیۆنەکانی کورد و سوننە ڕایەکی ئەرێنییان لەم بارەیەوە نییە.