هەڵبژاردنی نیوەی خولی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت

(0) / / جهان / زایەڵە ئەمریکا هەڵبژاردن


Nov 08, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە ٨ ی ١١ ی ٢٠٢٢، بەڕێوەدەچێت کە ئەمەریکییەکان پێیدەڵێن میدتێرم (Midterm).

ئاستی جەماوەریی سەرۆکی ئەمەریکا کاریگەری گەورەی بەسەر ئەم هەڵبژاردنانەی نیوەی خولی سەرۆکایەتی دەبێت.

 لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، جگە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ هەر ٤٣٥ ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵبژاردنیش دەکرێت بۆ ٣٤ سیناتۆری ئەنجومەنی سینات کە لە ١٠٠ سیناتۆر پێکدێت .

هاوکات هەڵبژاردنیش دەکرێت بۆ دیاریکردنی حاکمی ٣٦ ویلایەت لە کۆی ٥٠ ویلایەتەکەی ئەمەریکا.

لە ئێستادا لەو ٣٦ ویلایەتە، حاکمئ ٢٠ ویلایەتیان کۆمارین و ١٦ ــشیان ویلایەتیان دیموکراتن.

ماوەی خولی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، ٢ ساڵە، بۆیە هەموو دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ هەر ٤٣٥ ئەندامەکەی ئەو ئەنجومەنە دەکرێت.

بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنی سینات (سیناتۆرەکان)، ماوەی خولەکەیان ٦ ساڵە و هەڵبژاردنەکانیان کراوەتە سێ خول، لە دوو خولدا هەڵبژاردن بۆ شوێنی ٣٣ سیناتۆر ئەنجام دەدرێت و لە یەک خولدا بۆ ٣٤ سیناتۆر. کۆنگرێسی ئەمەریکا کە لە هەردوو ئەنجومەنی نوینەران و سینات پێکدێت، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە حوکمڕانی وڵاتەکە، زۆربەی بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس تێناپەڕێت، بۆیە بۆ سەرۆکی ئەمەریکا زۆر گرنگە ئەندامانی پارتەکەی زۆرینە بن لە هەردوو ئەنجومەنەکە.