چالاکوانێک لەبارەی دیمانەکەی بافڵ تاڵەبانی: پێویستمان بەم جۆرە لێدوان و قسەکردن و سیاسەتەیە

(0) / / گفتگو / زایەڵە بافڵ تاڵەبانی عوسمان گوڵپی


Nov 16, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - عوسمان گوڵپی  چالاکوان لەبارەی دیمانەکەی بافڵ تاڵەبانی وتی؛ "ئەوەندە ڕوون و ڕاشکاو قسە دەکات تەواو بێتامی کردوە، وایکردوە هەندێک پێیان وابێ سیاسی نیە هەر بۆیە ئاوا قسە دەکات، کە من پێموایە پێویستمان بەم جۆرە لێدوان و قسەکردن و سیاسەتەیە، لانیکەم لەزاری خۆیانەوە پێماندەڵێن ناکۆکیەکان لەسەرچین، دەزانین لە کۆبونەوەکاندا چی دەڵێن."

عوسمان گوڵپی  چالاکوان  بە زایەڵەی  ڕاگەیاند،  دیمانەکەی بافڵ تاڵەبانی لە کاتێکدابوو کە پەیوەندیەکانی یەکیەتی و پارتی لە ئاستێکی خراپدایە و ئەمەش ناجێگیری سیاسی دروستکردوە، ئەوەشی زیاتر چاوەڕوانی دروستکردبوو بۆ بەرنامەکە خودی سیاسەتی تاڵەبانی کوڕە، کە دەکرێت بڵێی سیاسەتێکی جیاواز و دەرکەوتنی جیاوازی هەیە بەراورد بە کەسی یەکەمی حیزبەکانیتر، بە جۆرێك قسە دەکات هەر ئەڵێی لە ژووری کۆبونەوە داخراوەکانداین، ئەوەندە ڕوون و ڕاشکاو قسە دەکات تەواو بێتامی کردوە، وایکردوە هەندێک پێیان وابێ سیاسی نیە هەر بۆیە ئاوا قسە دەکات، کە من پێموایە پێویستمان بەم جۆرە لێدوان و قسەکردن و سیاسەتەیە، لانیکەم لەزاری خۆیانەوە پێماندەڵێن ناکۆکیەکان لەسەرچین، دەزانین لە کۆبونەوەکاندا چی دەڵێن، بێزاربوین لە جیاوازی گفتوگۆی نێو کۆبونەوەکان و قسەی سەر شاشەکان کە زۆر دوورن لەیەك، بێزار بوین لەم هەموو ماسکە جوانە، دەمووچاوەکان گرنگ نیە جوانن یان ناشیرین گرنگ ئەوەیە بێ ماسكبن.

ناوبراو وتیشی، بافڵ تاڵەبانی بە زمانێکی سادە زۆر شتی وت، سیاسی ئەم ناوچەیە نیە هێندە قسەکانی ڕوونبن و ڕاشکاوبن، تەنانەت بە شێکیان لە ڕووی مەعنەویەوە بەقازانجی خۆی وحیزبەکەی نین، چ سیاسیەک دەڵێت ئەوەندەجار مفاتەحەی حیزبی بەرامبەرم کردوە و نایەنە پێشەوە، کەم کەس هەیە بڵێ چەندین جار چوینەتە لایان و ئەوان نایەنەوە، ئەوە جگەلەوەی بەڕاشکاوی گرفتەکانی نێوانیان دەستنیشان کرد و پێی وتین لەسەر چی ناکۆکن، بەڕوونی وتی دوو ئیدارەین، باسی داهات و زۆر شتیتر، بەجۆرێك لە وەڵامی پرسیارەکان خۆی لانەدا و ئەو وەڵامەی دەدایەوە کە بینەر دەیخوازێت، حەتمەن شتیتریش هەیە نەیوتوە  .

ڕونیشیکردەوە،  من حەزم لەم  جۆرە دیمانانەیە، لە کاتێکدا چەندین ڕەخنەم لە ئیدارەدانی بافڵ تاڵەبانی و حیزبەکەی هەیە، پێموایە هیچ کەس ناتوانێ گەندەڵی بکات لە سنوری سەوز گەر حیزبەکەی ئەوان و بەرپرسەکانیانی لە پشت نەبێ، لە کاتێکدا کە پێموایە گەر مەبەستیەتی بەشێك لە چەوتیەکان ڕاست بکاتەوە دەبێت لەگەڵ ئەوانەدا ڕاویژ بکا کە لە ژینگەی خۆیەوە دورن و بەشێك نین لە دروستکردنی ئەو ژاوەژاو ژینگە شێواوەی دروست بوە، دەبێت ڕاوێژ بکات و گوێ بگرێت، ئەگەرنا ئەم جۆرە سەرکردایەتیکردنە لە خاڵی کۆتاییدا بە تەنها دەمینێتەوە و ئەرکەکەی دە هێندەی ئێستا قورستر ئەبێ .

ئامادەکردنی- کامەران  کەریم