بوومەلەرزەیەکی بەهێز شارێکی تورکیای هەژاند

(0) / / ترکیه / زایەڵە تورکیا بوومەلەرزە کارەسات دوزجە


Nov 23, 2022

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ڕایگەیاند، کاتژمێر ٤:٠٨ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ٥ز٩ پلە بە پێوەری ڕێختەر، قەزای گۆلیاکا سەربە پارێزگای دوزجەی هەژاند.  
سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا (٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢) گوتی، ''لە دوای بوومەلەرزەکەی گۆلیاکا، ١٨ پاشەلەرزە روویان دا، بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە کارەبای ناوچەکە بڕدراوە''.  
سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند: ''پاش بوومەلەرزەکەی قەزای گۆلیاکا زانیاری لەبارەی زیانی گیانیی نەگەیشتووە بە پارێزگا و تیمەکانی ١١٢''.  
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "بوومەلەرزەکە لە ناوەندی شارۆچکەی گۆلیاکا لە پارێزگای دوزجە بە گوڕی 5.9 رێختەر روویدا. لە دوزجە 32 کەس بریندارن کە یەکێکیان لە دۆخێکی ناجێگیردایە؛ هەروەها سێ کەس لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، بۆڵو و زۆنگوڵداک بریندار بوون."
بومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، کۆجائەلی، زۆنگوڵداک، ساکاریا، بیلەجیک، بۆڵو، کارابوک و بارتن هەستی پێکراوە.  
پارێزگای دوزجە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای تورکیا، نزیکەی 220 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی ئیستەنبووڵە و لەسەر کەناری دەریای رەشە؛ هەریەک لە پارێزگاکانی ساکاریا، زۆنگوڵداک و بۆڵو دراوسێی دوزجەن.