سەرۆکایەتیی هەرێم: ڕێگه‌ به‌ بوونى گرووپى چه‌كدار له‌ هه‌رێمى كوردستان نادرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە سەرۆکایەتی هەرێم کوردستان گرووپی چەکدار


Nov 28, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگەیاند، به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك رێگه‌ به‌ هيچ جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌ و كرده‌يه‌وه‌كى سه‌ربازى له‌ سنووره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌رامبه‌ر وڵاتانى دراوسێ نادرێت.  

لە ڕاگەیەنراوێکدا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان (دووشەممە 28-11-2022) ڕایگەیاند، " سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ ميانى دوا سه‌ردانه‌کانیدا بۆ به‌غدا، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زيرانی عێراقی فیدراڵی و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئه‌منى و سياسيى وڵاتيان تاووتوێكرد و جه‌ختيان له‌ هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان ته‌واوى لايه‌نه‌كان كرده‌وه‌، بۆ پشتگيرى له‌ حكوومه‌تى فيدراڵيى نوێى عێراق و سه‌رخستنى كارنامه‌كه‌ى، هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی هه‌ولێر – به‌غدا له‌ ماده‌ی (140)، بودجه‌ و شایسته‌ دارایییه‌کان، دۆخی شه‌نگال و کێشه‌کانی وڵات به‌گشتی به‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پاراستنى سه‌قامگيرى و سه‌روه‌ريى وڵات."   

ئاماژەی بەوەشکردووە، "نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆكوه‌زيران محەمەد شیاع سودانی به‌ ته‌واوى هاوڕابوون و دووپاتيانكرده‌وه‌ كه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك رێگه‌ به‌ هيچ جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌ و كرده‌يه‌وه‌كى سه‌ربازى له‌ سنووره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌رامبه‌ر وڵاتانى دراوسێ نادرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌ك هه‌ميشه‌ هاوكارى و يارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕێگه‌ به‌ بوونى گرووپى چه‌كدار له‌ هه‌رێمى كوردستان نادرێت، هه‌ولێر و به‌غدا به‌ ته‌واوى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى ده‌كه‌ن و ئاسايشى سنووره‌كان ده‌پارێزن، له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێش هاوكار و هه‌ماهه‌نگ ده‌بن و ڕێكارى پێويست ده‌گرنه‌ به‌ر."   

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "نێچيرڤان بارزانى دڵنيايى دا و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ بۆ عێراق و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ش، به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها خوازيارى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانيه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزله‌يه‌كگرتن و دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش."   

ئەوەش هاتووە، "هاوکات بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە ناوچەكە، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، پشت به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌شتن و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ ببه‌ستن، بۆ ئەوەش سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەیە رۆڵێكی ئه‌رێنی و بنیاتنه‌رانه‌ لەمبارەیەوە بگێڕێت."