هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرادەکرێت

(0) / / اقتصادی / زایەڵە دۆڵار ئابووری


Nov 29, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە میدیایی نزیك لە یەكێتی ڕاگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دینار بۆ کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەگەڕێتەوە، کە بۆ نیوە کەمیکردووەتەوە.

وتیشی، بۆ رۆژی دووشەممە 124 ملیۆن و 991 هەزار دۆلاری خستووەتەڕوو و ئەوەش بۆ حەواڵە و هەموو جۆرە مامەڵەیەکی دیکە، لەکاتێکدا ئەوە بەراورد بە هەفتەی پێشوو بۆ نیوە کەمبووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو،هۆکارێکی دیکە ئەو گۆڕانکارییە لە نرخی دۆلاردا مامەڵەی بانکە ئەهلییەکانە کە ئێستا دۆلار دەکڕنەوە، لەکاتێکدا پێشتر لەکاتی دەنگۆی دەستکاریکردنی نرخی دیناری عێراقی و بەرزکردنەوەی بەهاکەی ئەو بانکانە دۆلارێکی زۆریان فرۆشتووە و ئێستا دوای دڵنیابوونەوە لەوەی گۆرانکاری تێدا ناکرێت جارێکی دیکە دەیکڕنەوە.

هەروەها سەبارەت بە هۆکاری سێیەم ئاشکرایکرد، کە سەرەڕای خواستی زۆر لەسەر دۆلار، ژمارەیەک لە بانکە ئەهلییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خراونەتە لیستی ڕەشەوە و هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵدا ناکرێت و دۆلاریان پێنافرۆشرێت.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم