پەرلەمانتارێکی گۆڕان : نە داهات نە خەرجى دیار نییە، بۆیە پێویستە پرۆژەیاساى بودجە بنێردرێتە پەرلەمان

(0) / / گفتگو / زایەڵە داهات ئابوری پڕۆژەیاسا سۆز عەبدولقادر


Dec 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سۆز عەبدولقادر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی گۆڕان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، دۆخێکى مەترسیدار لە ئارادایە و گۆڕان لە سۆنگەى بەرپرسیارێتییەوە داواى یەکڕیزى و گەڕانەوە بۆ مێزى گفتوگۆ دەکات.

وتیشی: مەترسیی ناوخۆیی و دەرەکى لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، لەو سۆنگەیەوە فراکسیۆنەکەیان بەیاننامەیەکى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە کە ئامانج لێى گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزى گفتوگۆ و ئامادەکردنى پڕۆژە یاساى بودجە لەپێناو رێگرتن لە مەترسییەکان و شەفافییەت لە داهات و خەرجى.

ڕاشیگەیاند، هەرێمى کوردستان لە دۆخێکى مەترسیداردایە چ لە ئاستى ناوخۆ چ لە سەر ئاستى دەرەوە، فراکسیۆنى گۆڕان لە سۆنگەى بەرپرسیارێتیەوە دوێنێ بەیاننامەیەکى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و حکومەت و لایەنە سیاسییەکان کرد لەپێناو رێکخستنەوەى ناوماڵى کورد و گەڕانەوە بۆسەر مێزى گفتوگۆ.بودجە بابەتێکى حەیاتییە و ماناى سیاسەتى دارایی حکومەتە، چەند ساڵێکە نەهاتوەتە پەرلەمان بە پاساوى جیاواز، لەم دۆخەى کوردستان دوئیدارەیی و دو دارایی هەیە و خەڵک هەست بە جیاواى و ناجێگیرى دەکات، تائێستا بودجەیەکى یەکگرتو نیە لە هەرێمى کوردستان، نە ژمێرەى کۆتایی هاتوەتە پەرلەمان واتە نە داهات نە خەرجى دیار نییە، دەبێت ئەوانە لە پڕۆژە یاساى بودجە دیارى بکرێت و بنێردرێتە پەرلەمان بۆئەوەى دوبارە داهات بەشێوەیەکى هاوسەنگ بەسەر ناوچەکان و سێکتەرە جیاوازەکان و خزمەتگوزارییەکان و بەکاربردن دابەش بکرێ، ئەمە تاڕادەیەک شەفافییەتیش دێنێتە ئاراوە و رێ لە گەندەڵى و بەهەدەردان و ناڕونى دەگرێت.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم