ئەندامێکی ئەنجومەن بۆزایەڵە: چەند پڕۆژەیەکی ( تنفیذ مباشیر ) لەناو دیوانی پارێزگای سلێمانی کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە

(0) / / گفتگو / زایەڵە سلێمانی تنفیذ مباشیر ڕەمەزان نامق


Dec 27, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – چەند پڕۆژەیەکی ( تنفیذ مباشیر ) لەناو دیوانی پارێزگای سلێمانی کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە.

ڕەمەزان نامق کەریم سەرۆکی  لیژنەی پلان و پرۆژەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەزایەڵەی ڕاگەیاند،   بەپێی ڕاپۆرتێکی چاودێری دارایی کەلەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئامادەکراوە، لەناو دیوانی پارێزگای سلێمانی کڕین و فرۆشتن بەچەند پڕۆژەیەکەوە کراوە و تەنانەت ئەو فەرمانبەرەی کە ویستویەتی ڕێگری لە فرۆشتنی پڕۆژەکان بکات و ئاشکرای کردوون لەجیاتی پاداشت سزا دراوە بەسزای سەرنج دان .دوای ڕاپۆرتەکەی چاودێری دارایی و بەدواداچونی بەردەوامی لیژنەکەمان و جەخت کردنەوە لە بونی بەڵگەی پێویست دواتر لەسەر ئەم کارە چەندین فەرمانبەر سزا دراون،کەئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کڕین و فرۆشتن بەپڕۆژەکانەوە کراوە بەئاگاداری چەندین فەرمانبەر و لێپرسراو لەناو پارێزگا.

وتیشی، هەر بەپێی زانیاریەکانی ناو ڕاپۆرتەکە پڕۆژەی تر هەبووە پسوڵە و حساباتەکانی وون بووەو دیار نەماوە و کەس نازانرێت چۆن جێبەجێکراوەو کولفەکەی چەند بووە، هەروەها پڕۆژە هەبووە هەتا تەواو کراوە ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتی پڕۆژەکە بێ ئاگابوون لەچۆنێتی جێبەجێکردنی و دەڵێن تەنها لەلایەن سەرۆکی لیژنەوە جێبەجێ کراوەو ئێمە بێ ئاگاین لێی و لەهەمووی خراپتر ئەوەیە هیچ بەراییەک نیە کە چۆن کێشەی ئەم جۆرە پڕۆژانە چارەسەر کراوە .ئەوەی جێگە سەرنجە ئەو فەرمانبەرەی کە ئەم کڕین و فرۆشتنەی ئاشکراکردوە جگەلەوەی سزادراوە لەهەمان کاتدا بە هۆی فشارخستنەسەری و دژایەتیکردنی ناچاربووە مۆڵەتی بێ موچە بکات و واز لەدەوام کردن بهێنێت بۆماوەی چەندساڵێک.

ڕونیشیکردەوە، هەروەها چەندین جیاوازی لەنێوان ئەندازیاراندا دەکرێت و بەوهۆیەوە چەند ئەندازیار لەناو دیوانی پارێزگادا هەیە پشت گوێ خراون و سەرپەرشتی کردنی هیچ پڕۆژیەکیان پێ نادرێت بۆجێبەجێکرن بەشێوەی ( تنفیذ مباشیر ) بەڵام چەندین ئەندازیاری تر هەیە لەهەمان شوێن بەردەوام پڕۆژەیان پێ دەدرێت.هەربەپێی ڕاپۆرتەکەی چاودێری دارایی دەرکەوتووە جیاوازییەکی زۆر لەدەرماڵەی فەرمانبەران هەیە کەیاسایی نین و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆیان لێ ئاگادار کراوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە دروست بکرێت و کەسی کەمتەرخەم سزابدرێت .

ئامادەکردنی- کامەران کەریم