"خەندە کەمال" بە دەستە ڕەنگینەکانی خواردنە کوردەوارییەکان ئامادە دەکات

(0) / / زنان / زایەڵە خواردنی کوردەواری زستان


Jan 04, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - خواردنی کوردەواری کە هەموو کاتێک خواستێکی زۆری لەسەرە لەناو کوردا، بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا خواستی خواردنیان زیاتر دەبێت، ژنانی ڕەنجکێشیش بە دروستکردنی ئەو خواردنانە بە زیندووی دەیهێڵنەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ژنان، خواردنی کوردەواری ئەو خواردنانەن کە لەناو کوردا گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت و هەر لەگەڵ مێژووی کوردا هەبووە، خواردنەکان تام و چێژێکی تایبەتیان هەیە و هەموو کەسێک حەز بەوە دەکات کە تاقیان بکاتەوە، خواردنە کوردەواریەکان هەندێکیان بە پێی وەرزەکان دەگۆڕێت، بەڵام لە وەرزی زستاندا خواستی لێنان و خواردنیان زیاتر دەبێت بە تایبەت ترخێنە و سەروپێ.
خەندە کەمال، دانیشتووی شاری سلێمانیە و خاوەنی خواردنی ئامادەکراوی هێلانە، وەک ژنێکی ڕەنجکێش و خاوەن توانا دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، ماوەی ٥ ساڵە دەستیکردووە بە دروستکردنی خواردن و لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە خواردنەکانی دەفرۆشێت، زیاتر خواردنە کوردەوارییەکان دروست دەکات وەک کوبە، کفتە، شفتە، بریانی، یاپراخ، ترخێنە، سەروپێ، برنج و شلە و قۆزی، دەتوانێت خواردن بۆ ژەمی ڕۆژانە، ئاهەنگ و پرسە ئامادە بکات، خەڵکیش تامی خواردنەکانیان زۆر بە دڵە و ئامانجییەتی ئەو خواردنانە لەناو خەڵکدا بمێنێتەوە.
ترخێنە خوارنێکی کوردەواری زستانەیە
ترخێنە، خواردنێکی کوردەواریی وەرزی زستانە و هەر کەسێک بە خواستی خۆی کەرەستەی تێدەکات، ترخێنە لە پایزدا دروستدەکرێت، چونکە گیاکەی تەنها لە کۆتایی وەرزی پایزدا پێدەگات، ئەو گیایە ورد دەکرێت و بڕوێشی تایبەت بە ترخێنە زەرد دەکرێت و تێکەڵ دەکرێت، لە ناو قاپێکدا بۆ چەند ڕۆژێک بەو شێوەیە دەمێنێتەوە تا ترش دەبێت، لەو کاتەدا پێی دەوترێت "تەڕەساز"، دواتر وەک تۆپەڵەی لێدەکرێت و لەسەر پارچەیەك خام ٣-٤ ڕۆژ دەنرێتەوە تا وشکدەبێتەوە.
خەندە کەمال، کە بە دەستە ڕەنگینەکانی خواردنە کوردەوارییەکان ئامادە دەکات، بۆ لێنانی ترخێنە پێشتر نۆک و نیسکی پان و فاسۆلیا زەرد دەکات و ترخێنەکە دەخوسێنێت، هەروەک لە کوردەواریدا باوە زیاتر قاپی فافۆن بەکاردەهێنرێت، چونکە تامی خواردن جیاوازترە لەو قاپانەدا.
سەرەتا ڕۆن دەکرێتە ناو قاپێکەوە و ترخێنەکەی تێدەکرێت لەگەڵ دۆشاوی تەماتە تا سور دەبێتەوە دواتر هەڵوژە، فاسۆلیا، نۆک و نیسکە زەرکراوەکەی تێدەکرێت، ئینجا گوێز و کشمیشی تێدەکرێت، هەموو کەرەستەکان تێکەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی تامی یەک بگرن و ئاوی گەرمی تێدەکرێت تا دەکوڵێت.
خەندە لەسەر داواکاری یاپراخیش ئامادە دەکات
یەکێکی تر لەو خواردنە کوردەوارییانەی کە لەناو گەلی کوردا زۆر باوە و تام و چێژێکی تایبەتی هەیە یاپراخی گەڵامێوە، لەبەر ئەوەی گەڵای گەڵامێو لە زستاندا نییە، بۆیە لە وەرزەکانی تردا گەڵاکەی زەرد دەکرێت و لە ساردکەرەوەدا هەڵدەگیرێت، یاپراخی گەڵامێو وا باوە لەناو کوردا کە بەمشێوەیە دروست بکرێت، برنج، شویت، تەڕە پیاز و ماست تێکەڵ دەکرێت و لەگەڵ گەڵاکەدا دەپێچرێتەوە و پەراسو و پاقلەشی تێ دەکرێت، لە هەندێک ناوچەش لەجیاتی ماست، بە زەردەچەوە ئامادە دەکرێت و هەندێک کەسی دیکە چەند قاشە لیمۆیەک لە کاتی لێناندا دەخەنە ناو مەنجەڵەکە.
خەندە ئامانجییەتی بە کارەکانی، ئەو خواردنە کوردەوارییانە بە زیندووی لەلای هاوڵاتیان بهێڵێتەوە، بە تایبەت کە لە ئێستادا بەشێک لە خواردنە ڕۆژئاواییەکان شوێنی خواردنی کوردەواری گرتووەتەوە، لەو ڕێگەیەشەوە بژێوی ژیانی دابین دەکات و پێداویستی خۆی و خێزانەکەی پڕ دەکاتەوە.
کفتە
کفتەش یەکێکی ترە لە خواردنە کوردەوارییانەی کە خەندە ئامادەی دەکات، سەرەتا سڵقی بۆ سور دەکرێتەوە لەگەڵ دۆشاوی تەماتە و نۆک و ئاوی گەرمدا تێکەڵ دەکرێت تا دەکوڵێت، قیمە، کەرەوز، پیاز، کشمیش، بادەم و بەهارات بەیەکەوە سور دەکرێتەوە، دواتر بڕوێشی کفتە کە سەرەتا دەخوسێنرێت قیمەی تێدەکرێت و دەپێچرێتەوە، کفتەکە دوای پێچانەوە دەکرێتە ناو ئەو شلەیەی کە بۆی ئامادەکراوە، زوو زوو شلەکە تێکەڵ دەکەیت بۆ ئەوەی بن نەگرێت، هەر کاتێک کفتەکە کەوتە سەر ئاوی شلەکە ئەوە تەواو پێگەشتووە، لە هەندێک ناوچە بۆ شلەکەی لە جیاتی سلق، نۆک بەکاردەهێنرێت.
"بە بینینی کارەکانم ژنان دەستیانکرد بە کارکردن"
خەندە کەمال کە توانایەکی باشی هەیە لە دروستکردنی خواردنە کوردەوارییەکاندا، ئاماژەی بەوەدا کارکردن بۆ ژنان قورسە، کاتێک دایک بن و ئیشی تریش بکەن، بەڵام من وازم لە توانای خۆم نەهێناوە و توانیومە ئیشێکی باش بکەم و ببە خاوەن داهاتی خۆم، چونکە هەر کارێک بتەوێت دەتوانیت ئەنجامی بدەیت ئەگەر لە ماڵەوەش بێت، هەر کەسێک و توانای خۆی هەیە، چەندین ژنیش بە بینینی کارەکانی من دەستیانکردووە بە کاری خۆیان.
ئامادەکردن؛ شیرین ساڵح