بكوژی ژنەكەی ناحیەی شوان، پیاوەكەی خۆی بووە

(0) / / زنان / زایەڵە کوشتن ژن کۆمەڵگا توندوتیژی


Jan 09, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - دوای ئەوەی ژنێكی تەمەن 29 ساڵ لەشارەدێی شوان كوژرا هاوسەرەكەی بانگەشەی ئەوەی دەكرد سێ چەكداری نەناسراو چوونەتە سەریان و ژنەكەیان كوشتووە دەركەوت راستیەكەی شاردۆتەوەو خۆی هاوسەرەكەی كوشتووە.
ئەو ژنەی لەبەرواری (28/12/2022) لە شارەدێی شوانی سەر بە پارێزگای كەركوك كوژراو لەكاتی ڕووداوەكەدا وا باسكرا كە سێ چەكداری نەناسراو هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكەو ژنەكەیان كوشتوە، هاوسەرەكەیان بەستۆتەوە، پۆلیس دوای لێكۆڵینەوە ئاشكرایكرد كە هاوسەری ژنە كوژراوەكە بكەری تاوانەكە بووە.
بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دوای تێپەڕبوونی نزیكەی (10) رۆژ دەركەوت، هاوسەری ژنەكە راست ناكات خۆی بەچەقۆ هێرشیكردۆتە ‌سەر ژنەكەیی و پاشانیش گوللـەیەكی لێداوەو كوشتویەتی.
پۆلیسی كەركوك لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: لەسەر بنەمای فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای كەركوك تیمێكی كارا پێكهێنرا، دەركەوت ئەو كەسە خۆی هەستاوە بە كوشتنی ژنەكەیی و لەئێستاشدا بەپێی ماددەی (406) لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوەو لێكۆڵینەوەش لەو بارەیەوە بەردەوامە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم