لەساڵی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی مۆڵەت بە 39 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە
(0) /
زایەڵە - لەساڵی ڕابردوودا لەشاری سلێمانی مۆڵەت بە 39 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە و ئامادەکاریش بۆ 15 پڕۆژە کراوە مۆڵەتیان پێبدرێت، هەروەها نزیکەی 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی کەمدەرامەت و هەژار و چینی مامناوەند دابینکراوە
عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کەئەمرۆ دووشەممە ڕێکیخستبوو ڕایگەیاند،لەماوەی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوو و ساڵی ئایندەش وەبەرهێنانی سلێمانی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگی بۆ شاری سلێمانی ئەنجامداوە.
عەزیز سەعید بەدیاریکراوی دەڵێت: لەساڵی 2021 تەنها 14 پڕۆژە ڕێگەی پێدراوە، بەڵام لەساڵی 2022دا 39 پڕۆژە مۆڵەتی پێدراوە و 15 پڕۆژەش ئامادەکاری بۆکراوە و نێردراوە بۆ ئەنجومەنی باڵا.
وەک بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ڕوونیکردەووە، هەوڵدەدرێت گشت ئەو پڕۆژانەی لە بواری وەبەرهێناندا ئەنجامدەدرێن بۆ خزمەتی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەبن بەتایبەت پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون.
عەزیز سەعید وتیشی، لەساڵانی ڕابردوودا نزیکەی 60 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراون، لەو ژمارەیەش 25 هەزاری بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و هەژار تەرخانکراوە.
وەبەرهێنان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت بۆ ئاوەدان کردنەوە و ڕێکخستنی شار و جوانکردنی سیمای وڵات، لەم ڕوانگەیەوە لەشاری سلێمانی وەک بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت دەکرێت، حکومەت چاودێرێکی گرنگ بێت بەسەر کەرتی تایبەتەوە تا بتوانن پڕۆژەکان لەکاتی خۆیدا بەپایان بگەیەنن.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: