سەرۆککۆمار پێشوازی لە هەڵبژاردەی عێراق دەکات

(0) / / ورزش / زایەڵە عێراق تۆپی پێ ڕەشید


Jan 24, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد و بە بۆنەی بردنەوەی جامی کەنداو پیرۆزبایی لێکردن.

 بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار: "سەرۆککۆمار پیرۆزبایی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی کرد بە بۆنەی سەرکەوتنە مەزنەکەیان؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان جێگەی شانازین بۆ عێراق، چونکە دڵی هەموو عێراقییەکانیان خۆشکرد؛ جەختیشیکردەوە کە ئەوان مێژوویان تۆمارکرد و بوونە سیمبوولی هەموو گەنجێکی عێراقی."

 ئەمە لە کاتێکدایە کە پێنجشەممەی رابردوو، هەڵبژاردەی عێراق لە دوای ساڵی 1988ـەوە جارێکی دیکە نازناوی جامی کەنداوی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ شکستی بە عومان هێنا و بۆ جاری چوارەم لە مێژووییدا بووە پاڵەوان.

 نووسینگەی سەرۆککۆمار دەڵێت، لەتیف رەشید "ستاییشی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە لە سەرخستنی پاڵەوانییەکەدا بەشداربوون، لە پارێزگەی بەسرە بە هاووڵاتی، بەرپرس و کارمەندەکانییەوە تا دەگاتە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە هەمووشی گرنگتر جەماوەری عێراقیی مەزن کە رۆڵێکی گەورەیان لەم سەرکەوتنە سەرسامکەرەدا هەبوو."