نوسەرێک بۆ زایەڵە بڕیاری دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتننامەی چەواشەکارانەی سیاسییەکان لێکدایەوە

(0) / / گفتگو / زایەڵە فیدراڵی عێراق کوردستان کامیل مەحمود


Jan 27, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کامیل مەحمود نوسەر بە زایەڵەی ڕاگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەمەڕ پارەو بوجە بۆ هەرێم بڕیاری ئۆرگانێکی فەرمی و دەستووریی دەوڵەتە بەو پێیەی ئەو دادگایە پارێزەری جێبەجێکردنی دەستورو چاودێری یاسا و بڕیارەکانی حکومەتە.
وتیشی: ناتوانین بڵێین کاریگەری سیاسییەکان و فشارە دەرەکییەکانیان لەسەر نییە، بەڵام کۆمەڵێ هەڵوێست و بڕیاری ئەو دادگایە چاوەڕوانکراوە و لەهەموو حاڵەتێکدا دادوەرەکان ناتوانن بەرامبەری نەوەستنەوە ئەگەر لەگەڵ دەستووردا تەبا نەبێت، بۆ نموونە لەبابەتێکی وەک ناردنی پارە و دیاریکردنی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووردا داهاتی نەوتی کۆی عێراق لە چوارچێوەی بابەتە سیادییەکاندا تۆمار کراوە دەبێت هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەو پرسە ڕێک بخرێت نەک بەڕێککەوتنی سیاسی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکان کە دەبینین دادگای فیدراڵی ناتوانێت پەسەندی بکات، تەنانەت دادوەرە کوردەکانیش کە پارتی و یەکێتی دایناون ناتوانن دەریچەیەکی یاسایی و دەستووری بۆ بدۆزنەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەمەش یەکەمجار نیە دادگای فیدراڵی دژی ئەو یاسا و بڕیارانە دەوەستێت کە حکومەتی ناوەندی لە بەرژەوەندی هەرێم دەری دەکات کە دیارە بڕیارەکانی حکومەتی ناوەندیش لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی سیاسی نێوان کورد یان دروستتر بڵێین دەسەڵاتی کوردی و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی فیدراڵەوە هاتووەتە کایە، هەمووجارێکیش ئەو لایەنە عێراقیانە ئەو بەڵێننامە و ڕێککەوتنانە دەربارەی پارە و بوجەی عێراق واژو دەکەن، بەڵام دەرەنجامەکەی هەر ئەوە دەبێت کە لەدووتوێی بڕیارێکی دادگای فیدراڵیدا بینیمان.
ڕونیشیکردەوە، سەیر لەوەدایە کە لەسەروبەندی پێکهێنانی هەموو کابینەیەکی حکومەتی عێراقیدا ئەو دوو حزبە دەبنە پاڵپشت و هاوپەیمانی کوتلەی گەورە و لایەنی پێکهێنەری کابینە فیدراڵەکە و کۆمەڵێ بەڵێنیان لێ وەردەگرن و ڕێککەوتننامەیان لەگەڵ ئیمزا دەکەن کە سەرەکیترین خاڵی ڕێککەوتننامەکان بوجەو ڕێژەیەک پارەیە بۆ هەرێم، ئەم پارە و بوجەیەش لە بەرامبەر پشتگیری کوردە لە کوتلەی پێکهێنەری حکومەت، کوتلە سیاسییە گەورەکەش بە ئاسانی دەچێتە ژێر باری ئەو داواکاریانەی پارتی و یەکێتییەوە، چونکە دەزانن دواجار دادگای فیدراڵی ڕێگر دەبێت لە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێککەوتننامە سیاسییەکان ئەگەر لەگەڵ دەستووری عێراقدا تەبا نەبێ، ئەمەش جۆرێکە لە خەڵەتاندنی لایەنی کوردی لەلایەن کوتلەی پێکهێنەری حکومەتی ناوەندییەوە، پێ ئەچێ لایەنی کوردیش دەرەنجامەکەیان لا ڕوون بێت بەڵام ئەوانیش بۆ خەڵەتاندنی شەقام و ڕای گشتی کوردی بچنە ناو ئەم گەمە سیاسیانەوە لەپێناوی پلەو پۆستی بەغدادا، بەڵگەش ئەوەیە کە دادگای بەغدا دێتە سەر خەت لەدژی ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان تەنها بەلێدوان و بەیاننامە وەڵامیان دەدەنەوە و ئامادە نین پلەو پۆستەکانی بەغدایان بەجێ بهێڵن و لە حکومەتی ناوەندی بکشێنەوە، کەبەم هەنگاوە تەنگەژەیەکی ئاڵۆز بۆ پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا دروست دەکەن و دواجار بەناچاری لایەنی نێودەوڵەتی دێنە سەر خەت بۆ چارەسەری تەنگەژەکە، بەڵام دیارە کەبۆچی ئەوە ناکەن و پێدەچێ ترسی ئەوەیان هەبێ لایەنی سێیەم بێتە نێوانەوە لایەنی کوردی قازانج نەکات و لەسەر جۆری مامەڵەیان لەگەڵ بەغدا لەمەڕ داهات و سامانی وڵاتەوە ئیحراج بکرێن.
زیاتر وتی: دەسەڵاتدارانی کوردستان لەبەرامبەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدا قسەیەکی نایاسایی و ناقۆڵا دەکەن و دەڵێن ئێمە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی پێکهێنەری حکومەتی فیدراڵدا بەمەرجی ناردنی ئەو پارەیە بەشداری حکومەتمان کردووە و دادگای فیدراڵی بەبڕیارەکەی سەقامگیری سیاسی تێک دەدات، دەسەڵاتدارانی کوردستان لەڕوانگەی ئەزموونە حوکمڕانییە حزبییەکەی کوردستانەوە بۆ ئەزموونی حوکم و دەسەڵات لە بەغداش دەڕوانن، وا دەزانن لەوێش حزب و ڕێککەوتننامەی سیاسی نێوان حزبەکان لەسەرووی یاساو دەستوورەوەیە و دادگاکان بەڕەهایی ملکەچی هەموو بڕیارێکی سیاسی و ڕێککەوتننامەیەکی حزبین، فەرموون ئەوە ڕێککەوتننامەی پشتیوانیتان لە کابینەکەی کازمی و ئێستاش لەحکومەتی نوێی سوودانی دیزەبەدەرخۆنە کراوە، ئەگەر ڕاست دەکەن و ڕێککەوتننامەکانتان تەنها پاساو نییە بۆ وەرگرتنی بەشە کێکە حزبییەکەی خۆتان لەبەغدا بگەڕێنەوە بۆ کوردستان و تا کێشەکە چارەسەر نەبێت مەگەڕێنەوە.
کامەران کەریم