بوومەلەرزە لە شاری قەسری شیرین؛  لە خانەقین و بەشێکی گەرمیان هەستی پێکرا

(0) / / ایران / زلزلە بوومەلەرزە قەسری شیرین کرماشان


Feb 04, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر لە شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان روویدا و لە سنووری خانەقین و بەشێکی ئیدارەی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان هەستی پێکراوە.

 ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران، ڕایگەیاند کاژێر06:21 خولەک بەکاتی ئەم وڵاتە، واتە کاژێر 05:51 خولەک بە کاتی هەرێمی کوردستان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 بە پلەی رێختەر لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر و لە دووریی 16 کیلۆمەتر لە شاری قەسری شیرین و دووریی 24 کیلۆمەتر لە خانەقین روویدا.

محەممەد حەیدەری، قایمقامی شاری قەسری شیرین لەوبارەوە رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکە ناوەندی کۆنترۆڵی قەیران کەوتە ئامادەباشییەوە و تیمەکانی لێکۆڵینەوە بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بەڕێکران و بەپێی لێکۆڵینەوەکان، زیانی نەبووە.

 لەمبارەیەوە ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بوومەلەرزەکە لە ناوچە سنوورییەکان بووە؛ لە خانەقین و گەرمیان هەستی پێکراوە، چونکە بەهێز بووە".

 ئاسۆ کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ناوچەیەی بوومەلەرزەکە تێیدا روویداوە لەسەر هێڵی بوومەلەرزەیە و "رۆژانە بوومەلەرزە تێیدا روودەدات".

 گەورەترین بوومەلەرزەی ئەم ناوچەیە کە لە سنووری پارێزگای کرماشاندایە لە پاییزی ساڵی 2017دا روویدا؛ لە ئەنجامیدا 620 کەس گیانیان لەدەستدا و 12 هەزار و 386 کەسیش بریندار بوون.