زایەڵە - بەسەرپەرشتی قائیمقامی سلێمانی، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و هاوڵاتی لەبەستەڵەکی رێگاوبان رزگارکران.

قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند،  دوای ئەوەی ژمارەک ئۆتۆمبێل و هاوڵاتی بەهۆی قەرەباڵغی زۆر و دابەزینی پلەکانی گەرما لە رێگاکانی نزیک تونێلی پێشڕەوو گۆیژەو ئەزمڕ گیریان خواردو ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ دروست ببوو، بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و بەشداری تیمەکانی لیوای پاراستنی سلێمانی و بەرگری و فریاکەوتن و مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆ توانرا بەشێکی زۆری ئەو رێگایانە بکرێنەوەو ئەو ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیانە رزگاربکرێن.

قائیمقامی سلێمانی سەرەڕای ئەوەی دەستخۆشی لەو تیمانەی فریاکەوتن کرد، داوای لە هاوڵاتیان کرد بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت ئەو رێگایانەی کە بەفری پێوەیە بەکاری نەهێنن، بەتایبەتی رێگاکانی ئەزمڕ و دەباشان و سلێمانی- سیتەک، چونکە پلەکانی گەرما رویان لە دابەزینی زیاترەو مەترسی روداوی هاتووچۆ و بەستنی رێگاکان زیاتر بووە.

کامەران کەریم