ئێران پێشوازی لە ڕۆڵی عێراق لە دانوستانی ناوەکی و وتووێژ لە گەڵ سعوودیە دەکات

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران سعودیە عێراق


Feb 14, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە پێشوازی لە ڕۆڵی عێراق لە دۆسیەی دانوستانی ناوەکی و هەروەها وتووێژەکانی نێوان تاران و ڕیاز دەکەین.
 ناسر کەنعانی سەبارەت بە وتووێژی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها وتووێژی وەزیری دەرەوەی عێراق و ڕۆبرت مالی بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وتی: سەبارەت بە ڕەوتی دانوستانەکان سیاسەتی فەرمی و ڕاگەیاندن و کرداریی کۆماری ئیسلامی ئێران تەواو ڕوونە. پابەندبوون بە دانوستانەکان و گەڕانەوەی سەرجەم لایەنەکان بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بە گرنگیدان بە داواکارییەکانی ئێران بە تایبەت هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکان، وەک چوارچێوەی دانوستانەکانە و ئێران بە نیازپاکییەوە تا ئێستا لە سەر ئەم ڕێگا ماوەتەوە و لایەنەکانی ئەمریکا و ئەورووپا بە کردەوە هەنگاوێکیان نەبووە و ئەگەر هەوڵی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەدەن دەبێت نیازپاکی خۆیان بە کردەوە پیشان بدەن و بۆ سەر مێزی دانوستانەکان و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە بگەڕێنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە گەڵ حکومەتی ئەمریکا پەیوەندی و وتووێژی ڕاستەوخۆمان نییە و لە سەرجەم کەناڵە دیپلۆماسییەکان بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران بە تایبەت لە پرسی دانوستانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان کەڵک وەردەگرین. چەندین وڵات پێشتر ڕۆڵیان لەم ڕێگایەدا هەبووە و چەندین وڵاتی دیکەش ویستی ئەوەیان هەیە ڕۆڵی وەها بگێڕن. ئێمە بەردەوام پێشوازی لەم هەوڵانە دەکەین.
کەنعانی ڕاشیگەیاند: ئەگەر حکومەتی عێراق دەیەوێت لەم ڕێگایەدا ڕۆڵی هەبێت بە دڵنیاییەوە بە جیدی لەو هەوڵ و نیازپاکییەی ئەم وڵاتە دراوسێ، دۆست و برادەرە دەڕوانین و کەڵک لە تواناکانی حکومەتی عێراق وەردەگرین.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە لێدوانەکانی فۆئاد حوسێن لە سەر وتووێژەکانی نێوان تاران و ڕیاز وتی: تێڕوانینی ئێمە جەختکردنەوەیە لە سەر بەردەوامی ڕێگای دیپلۆماسی بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی گرنگ و موسڵمانی ناوچەکە، ئێران و سعوودیە، بۆ ڕێڕەوی ئاسایی خۆی. بە تێڕوانینی هاوبەشی هەر دوو وڵات و گرنگیدان بە ڕۆڵی حکومەتی عێراق، پێنج گەڕی دانوستانەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو و ئێستاش بۆ تەواوکردنی ئەو هەوڵانە ڕێز لە ڕۆڵ و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی عێراق دەگرین و پێشوازی لە هەر هەنگاوێکی ئەرێنی لەم پێناوەدا دەکەین و هیوادارین بە پێی ڕۆڵی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت عێراق بەرەوپێشچوون لە وتووێژەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە داهاتوودا ببینرێت.