گۆڕینە‌وەی دۆلار بە‌نرخی فە‌رمی لە‌ فڕۆكە‌خانە‌ی سلێمانی دە‌ستپێكرد

(0) / / اقتصادی / زایەڵە دۆلار سلێمانی


Feb 18, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - فڕۆكە‌خانە‌ی نێودە‌وڵە‌تی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوایی تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەگەڕخستنی سیستمەکانی نوسینگەی بانکی ئەقلیمی بازرگانی (RT Bank)، لە هەینیەوە لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی‌ بەپێی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراقی بۆ گەشتیارانی تەمەن سەرووی 18 ساڵ، بە نرخی ڕەسمی گۆڕینەوەی (دیناری عێراقی بۆ دۆلار) دەستیپێکرد.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەر گەشتیارێک ڕێگەپێدراوە ‌تەنها یەکجار لە مانگێکدا سوود لەم بڕیارە وەربگرێت
مەرجەکان:
یەکەم: پێویستە گەشتیار هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت.
دوەم: پێویستە گەشتیار (تکت و بەڵگەنامەکان)ی تایبەت بە گەشتکردنی پێ بێت و دوایی تەواوکردنی ڕێکارەکانی تایبەت بە گەشتکردن (چێکین)و وەرگرتنی بۆردینگ کارت و (لێدانی مۆری ڕۆیشتوو لە پاسپۆرت)ەکەی لە دوا وێستگەی فڕۆکەخانە لە هۆڵی ترانزێتی تێرمیناڵ پارە گۆڕینەوەکەی بۆ ئەنجامدەدرێت.
سێیەم: دیاریکردنی بڕی گۆڕینەوەکان بە گەڕانەوە بۆ ڕێنماییەکانی بانکی مەرکەزی عێراقی دەبێت، کە لەلایەن نوسینگەی بانکەکانی ڕێگەپێدراو لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی‌ جێبەجێدەکرێت.
چوارەم: بە پێیی ڕێنماییە گومرگییەکان گەشتیارانی تەمەن سەرووی 18 ساڵ ڕێگەپێدراوە تا بڕی 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی و 200 هەزار دیناری عێراقی لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە.
بۆ ئەو مەبەستە پێویستە گەشتیار ڕەچاوی ئەم ڕێنماییە بکەن و دوایی پارە گۆڕینەوەی (دینار بۆ دۆلار) لەناو فڕۆکەخانەدا، بە هیچ شێوەیەک نابێت لە بڕەکانی ڕێگەپێدراوی ڕێنماییەکان زیاتری پێبێت، بە پێچەوانەوە ڕێگەی پێنادرێت لەو بڕانەی کە ڕێگەپێدراوە زیاتر بباتەوە دەرەوە.
پێنجەم: ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت ئاڵوگۆڕی دراو بکەن پێویستە چوار کاتژمێر پێش ئەنجامدانی گەشتەکەیان لە تێرمیناڵی فڕۆکەخانە ئامادەبن.
کامەران کەریم