کۆچی دوایی هونەرمەندێکی ناوداری کورد
/
فرهنگی
/
زایەڵە
هونەر
کوردستان
ئێران
ژەنیار
زایەڵە ـــ عەبدوڵڵەهـ نەبی ئوڵڵاهی ژەنیاری ئامێری دەهۆڵ 28ی مانگی ڕێبەندان لەماڵی خۆی لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو لەدایک بووی ساڵی 1320ی هەتاوی بوو و هەر ئەو کاتەی کە لەدایک بوو هەمانکاتیش دایکی لەدەست داوە لەبەر نەبوونی دایکی زۆربەی تەمەنی لەگەڵ باوکی ژیاوە و چی سەفەری کاری و هونەری دەهاتە پێشێ لەگەڵ باوکە هونەرمەندەکەی پێکەوە بەڕێ دەکەوتن و بەم شێوازە کۆڕی شایی و خۆشی هەزاران کەسیان شاد و خۆشتر دەکرد.
باوکی ناوبراو، خۆی پێشەنگی ژەنیاری ئامێری دەهۆڵ بوو و عەبدوڵڵەهـ نەبی ئوڵڵاهی ئەو هونەرە جوان و تایبەتەی وەکوو میراتی و دیاری لەباوکیەوە وەرگرت.
ناوبراو لە تەمەنی منداڵیدا تووشی نەخۆشینی هاوڵە بوو و هەر بەو بۆنەشەو چاوی ڕاستی لەدەستدا، بەڵام هیچ بەرهەڵستی کار و چالاکی نەبوو و زیاتریش درێژەی بە هونەرەکەی دا.
جوانی و توانایی ئەو چاوەکەی تری ناوبراو بە جۆرێک بوو کە نازناوی عەبدوڵڵە چاومەستیان لێ نا.
زەرپ گۆچانی دەهۆڵەکەی ناوبراو بە جۆرێک بوو کە لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دەنگێکی ناسراو و بەناوبانگ بوو سەرەڕای سازی دەهۆڵ ناوبرای شارەزایی تەواوی بوو لەسەر سازەکانی زەرپ و سوڕنا و دووزەلە و ئەوانەشی مامۆستایانە دەژەند.
ئەوەی مایەی شانازی و دڵخۆشی ناو براو بوو ئامادەبوونی بوو لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگ و شایی و جێژی خەڵکی، یەکێک لەوانە ڕێوڕەسمی ژنهێنانی خوالێخۆشبوو عەلی ئەشرەفی حوسەین پەناهی ناسراو بە فەرشا پێشکەشکاری بەناوبانگی سنەیی بوو کە لەگەڵ خواڵێخۆشبوو مامۆستا حەسەن زیرەک بە ماوەی سێ شەو و سێ ڕۆژ ئەو ئاهەنگەیان بە باشترین شێوە گێڕا و بۆ هەمیشە لە دڵی خەڵکی سنە و لە دڵی مێژووشدا تۆمار کرا.
شایانی ئاماژەیە ئەم هونەرمەندە بەشداری زۆربەی لە فستیواڵە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانیشی کردووە و بە ئامادە بوونی زۆرتر پەرەی بە هونەرە جوانەکەی داوە و هەروەها لەگەڵ خواڵێخۆش بوو عەبدوڵڵەی شەرێعەتی ژەنیار و مامۆستای ئامێری دووزەلە هاوکاری بەردەوامی هەبووە، یادیان بەرز و ڕۆحیان بە جەنەت شادەو بێ
تێبينيێك بنێرە: