بوومەلەرزەکان زیانیان بە شوێنەوارە مێژووییەکانی ئادیامان گەیاندووە

(0) / / فرهنگی / زایەڵە ئادیامان مێژوویی شوێنەوار


Feb 24, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - مزگەوتی گەورەی ئادیامان کە تەمەنی پێنج سەدەبوو لە بوومەلەرزەکەدا، بەتەواوی داڕووخا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئانادۆڵو، پارێزگای ئادیامان یەکێکە لەو پارێزگایانەی تورکیا کە بوومەلەرزەکان زیانێکی زۆریان پێگەیاندووە، شوێنەوارە کولتووری و مێژووییەکانی شارەکەش بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
مزگەوتی گەورەی ئادیامان کە مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٦، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەتەواوی داڕووخاوە و تەنها دیواری باکوور و رۆژئاوای مزگەوتەکە ماون.
هەروەها مزگەوتی موسالا کە مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٧ یان ١٨ و خاوەنی تەلارسازییەکی تایبەتە، مزگەوتی کاب کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٨، خانی تووز کە لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩دا دروست کراوە، مزگەوتی چارشی کە لە ساڵی ١٥٥٧دا دروست کراوە، مزگەوتی سەرای کۆن کە لە سەدەی ١٨ دروست کراوە و مزگەوتی یەنیپنار کە لە ساڵی ١٧٢٠دا دروست کراوە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
- "دەمانەوێت مزگەوتی گەورەی شارەکە شکۆی جارانی بەدەستبهێنێتەوە"
مەحموود ساریکایا، یەکێکە لە کاسبکارانی بازاڕی مێژوویی ئادیامان و تەمەنی ٦٠ ساڵە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە مزگەوتی گەورەی ئادیامان یەکێک بووە لە پڕشکۆترین شوێنەکانی شارەکە و لەپاڵ زیانەکانی بوومەلەرزەکەدا خەمێکی زۆریان بۆ خاپووربوونی مزگەوتەکە خواردووە، گوتیشی: "مزگەوتی گەورە، گرنگترین مزگەوتی شارەکە بوو. منیش زۆرم نوێژ تیادا کردووە. نزیکەی ٢٠ ساڵ بەرلە ئێستا نۆژەن کرایەوە و لە دوای ئەو نۆژەنکردنەوەیە زۆر جوان بوو، بەڵام بەداخەوە لە بوومەلەرزەکەی ئەمساڵدا داڕووخا. هەموو نزاکان لە مزگەوتی گەورە دەکران، مەولودی تیا دەخوێندرایەوە و جەژنەکانی تیادا پیرۆز دەکرا. لە کاتی نوێژی بەیانیشدا کاسبکارانی دەوروبەر لێرە کۆدەبوونەوە و نزایان دەکرد. لە دەوڵەتەکەمان چاوەڕێ دەکەین دووبارە مزگەوتی گەورە بنیاتبنێتەوە، دەمانەوێت مزگەوتەکە شکۆی جارانی بەدەستبهێنێتەوە".