ڕەزامەندی حكومەتی فیدراڵ بۆ دروستكردنی 4 بەنداو لە هەرێمی کوردستان
(0) /
زایەڵە - بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی حكومەتی فیدراڵی بۆ دروستكردنی 4 بەنداو لەهەرێم ڕاگەیاند، هاوكات جەختیكردەوە لەسەر پێویستی پشتیوانیكردن لەبەرهەمە ناوخۆییەكان و ڕێگەگرتن لەهاتنەناوەوەی ماددە كشتوكاڵییە قاچاغەكان بۆ ناو عێراق.
تاڵەبانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەزارەت لە ڕێگەی وەزارەتی پلاندانان و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی فیدراڵی پلانێكی پێشكەشكردووە بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێك لە هەرێم.
وتیشی: جێبەجێكردنی 4 بەنداو پەسەندكراوە و چاوەڕێی پەسەندكردنی بودجەی گشتی دەكەین لە ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی جێبەجێكردنیان لە هەرێم.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بڕی ئەو ئاوەی ئەمساڵ كۆكراوەتەوە لە ساڵانی ڕابردوو باشترە.
سەبارەت بە هەماهەنگی نێوان بەغدادو هەولێر لەبواری كشتوكاڵی، تاڵەبانی تەئكیدی لەسەر بوونی هەماهەنگی باڵا لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی فیدراڵ كردەوەو ئاماژەی بەوەشدا: كە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم چەندین پێشنیازی پێشكەشكردووە لەوانە پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بە كشتوكاڵی لە عێراق.
جەختیشی كردەوە: كە هەولێر لەگەڵ بەغداد هاودەنگە لە بەرامبەر ئەو گۆڕانكارییە گەورەیەی كە لە ناوچەكەدا هەیە لە ڕووی كەش و هەواوە.
بێگەرد تاڵەبانی تەئكیدی لەسەر پێویستی كاركردن لەنێوان ناوەند و هەرێم كردەوە بۆ پاراستنی دۆسیەی ئاسایشی خۆراك و یەكخستنی سەبەتەی خۆراك لەعیراق و هەرێمدا، هاوكات پشتیوانی خۆی بۆ كارەكانی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی پەرلەمان دووپاتكردەوە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتیوانی جووتیاران لەبواری بازاڕكردن و پاراستنی مافەكانیان و پەرەپێدانی پڕۆژەكانیان و ڕێگریكردن لەهاتنەناوەوەی ماددە كشتوكاڵییەكان كە لە دەرەوەی عێراق بەقاچاخ دەهێنرێ.
تێبينيێك بنێرە: