جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆزایەڵە: ڕەنگــە بڕیــارەكەی شیــاع ســودانی لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە گەڕانەوە بێت بۆ خاڵی سفر
(0) /
زایەڵە - جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: ڕەنگــە بڕیــارەكەی شیــاع ســودانی لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە گەڕانەوە بێت بۆ خاڵی سفر.
کاوە عەلی جێگری پارێزگای هەڵەبجە بەزایەڵەی ڕاگەیاند، ئەگەر تەنها ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ ئەمە بێت لە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردۆتەوە کە ڕەزامەندی لەسەر یاسای پێکهێنانی پارێزگای هەڵەبجە درا و ئیحالە بکرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یان بە بۆچوونی بەندە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە داڕشتنی هەواڵەکە هەڵەی کردووە. ئەگەر نا ئەوا گەرانەوەیە بۆ خاڵی سفر و ڕۆژی ٣١/١٢/٢٠١٣ چونکە ،بەبڕیاری ژمارە ٥٦٨ لە ٣١/١٢/٢٠١٣ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی پڕۆژە یاسای پێکهێنانی پارێزگای هەڵەبجە ی کردووە و ئیحالەی کردووە لە ٤/١/٢٠١٤ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بڕیاری ژمارە ٣١ لە ١٦/٣/٢٠٢١ حکومەتی عێراقی پەیوەست کرد کە ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکات.
وتیشی، حکومەتی عێراق وەزارەتی پلاندانانی عێراقی ڕاسپارد کە ڕاپۆرت لەسەر بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ئامادە بکات.وەزارەتی پلاندانان لە ٢٣/٩/٢٠٢١ سەردانی هەڵەبجەیان کرد و چوار ڕۆژ مانەوە و راپۆرتەکەیان ئامادە کرد .کە هەڵەبجە پێویستە بکرێتە پارێزگا.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند جارێک بە پاساوی بریاری ژمارە ٣٤ ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە سەرژمێری گشتی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ی ڕاگرت و لە ٦/٤/٢٠٢٢ بەنوسراو وەزارەتی پلاندانانی عێراقی ئاگادار کردووە کە جارێ ڕاوەستن لە ڕێکارەکان.ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ٢٥/١/٢٠٢٣ داوای لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق کردووە کە مەلەفی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بنێرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران.وەزارەتی پلاندانان لە ٩/٢/٢٠٢٣ ڕاپۆرتەکەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و کۆدی ژمارە ١٦ بە هەڵەبجە داوە و نەخشەی هەڵەبجەی لەسەر نەخشەی عێراق دیاری کردووە وە داوای دەرچواندنی فەرمانی دیوانی بۆ ڕاگەیاندنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کردووە .
هێمای بەوەشکرد، کەواتە دەبوو فەرمانی دیوانی دەرچوایە بۆ ڕاگەیاندنی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە نەک پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای پێکهێنانی پارێزگای هەڵەبجە ، یان بە بۆچوونی بەندە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە داڕشتنی هەواڵەکە هەڵەی کردووە.تایبەت بە یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە و بەپێی دۆکۆمێنتە بەردەستەکان پێویستە نوێنەرانی کورد لە عێراق داوای ئەو فەرمانی دیوانی بکەن بۆ ڕاگەیاندنی ئەگینا گەڕانەوەیە بۆ نۆ ساڵ لەمەوپێش .
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: