هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب

(0) / / سوریه / زایەڵە مووشەک ئیسرائیل حەلەب


Mar 22, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە -  بە گوێرەی میدیای فەرمیی سووریا سوپای ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەبی بۆردوومانکرد. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 22ی ئاداری 2023، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل بۆ جاری دووەم لە ماوەی 15 رۆژدا فڕۆکەخانەی حەلەبی بۆردوومانکردووە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی هێرشەکە نییە. 
 
میدیای فەرمیی سووریا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، جگە لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی حەلەب، ئیسرائیل چەند شوێنێکی دیکەشی لە سنووری دیمەشقی پایتەختی سووریا و شاری لازقییە لە رۆژئاوای سووریا بۆردوومانکردووە. 
 
تائێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکە نەداوە، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سوپای ئیسرائیل دەیان هێرشی لەنێو سووریا ئەنجامداوە.
 
رۆژی 9ی ئەم مانگە، ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەبی بۆردوومانکرد و زیانی بە فڕۆکەخانەکە گەیاند و بۆ چەند رۆژێک لەکارکردن کەوت.
 
هێرشی بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە دەبێتە سێیەمین ‌هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکەی حەلەب لەماوەی ئەم شەش مانگەی رابردوودا.