نوسەرو میدیاکارێکی سەربەخۆ بۆ زایەڵە: هەنگاوێکی دروست بەئاڕاستەی بەغدا

(0) / / گفتگو / زایەڵە بەغدا کامیل مەحمود


Apr 05, 2023

قەبارەی فۆنت:

  زایەڵە - کامیل  مەحمود نوسەرو میدیاکاری  سەربەخۆ بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  بەدەر لەو چەلەحانێ و مشتومڕە پڕ مەرامەی لەسەر ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت کەزۆربەیان لەچوارچێوەی ململانێی سیاسی و ڕکابەری نێوان لایەنەکاندا دەیانبینین و کەمترین قسەی بابەتی لەسەر ڕێککەوتنەکە کراوە، ئەم ڕووداوە خوێندنەوەی باش و پۆزەتیڤیش هەڵدەگرێت.بێگومان ئاوڕدانەوە بۆ چەند ساڵی ڕابردووی دۆخی ئابووری هەرێم و ژیان و بژێوی خەڵک کە هەمووی قەیران و ئاستەنگ بوو ئەم ڕێککەوتنە مایەی ئومێدو دڵخۆشییە کە کۆتایی ئەو قەیرانانە بەدوای خۆیدا بهێنێت.

وتیشی ،  سەرەتا لەڕووی سیاسییەوە مەراسیمە پرۆتۆکۆلیەکەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی ناوەندی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەک دوو هاوتای یەکتر مایەی دڵخۆشییە کەبەو شێوە فەرمییە دەرکەوتن و بەغدا و هەرێم وەک دوو لایەن و دوو قەوارە ڕێککەوتنەکەیان ڕاگەیاند.ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت هەلومەرجی بەهێزکردنەوەو جارێکیتر بووژاندنەوەی هەرێم ڕەخسایەوە ئەگەر وەک زۆر هەل و فرسەتیتر لەبار نەبرێت.

ڕونیشیکردەوە،  یەکێک لەدەرفەتەکانی بەهێزکردنی ئەم قەوارەیەو خوڵقاندنی ئەزموونێکی سەرکەوتوو لەبواری سیاسی و ئابووریدا ئەو ئابووریە سەربەخۆبوو کە هەل و مەرجی لەباری ناوخۆیی و هەرێمایەتی هەبوو بۆ سەرخستنی ئەگەر پێش ئەو هەنگاوە دام و دەزگای بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لەم وڵاتەدا لەسەر بنەمای دامەزراوەی یاسایی و دەستووری بوایە نەک ئیدارەیەکی حزبی دواکەوتوانە لەدەرەوەی یاساودەستووری باوی بەڕێوەبردنی وڵات.ئەگەر دامەزراوەو ئۆرگانی ڕەسمی دەوڵەت ئیدارەی ئابووری و داهاتی خۆماڵی دەوڵەمەندی ئەم هەرێمەی بکردایە ژیانی خەڵک و خزمەتگوزارییەکان لەم ئاستە نزمەی ئێستادا نەدەبوو، جگە لەو قەرزە زۆرەی کە لەم سەڵانەدا کەوتە سەر حکومەت، داهاتی نەوت و غەیرە نەوتی ئەم وڵاتە ئەگەر لەدەستێکی ئەمین یان لەچوارچێوەی دامەزراوەیەکی فەرمی ناحزییدا بوایەو ئەو هەموو گەندەڵییە ڕەهایەی تیادا نەکرایە ئێستا ژیان لەهەرێمی کوردستان بۆ گەلانی عێراق دەبوویە نموونەی باڵا، جگە لەوەی ئابووری سەربەخۆ ڕێگا کورتەکە دەبوو بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆ بەحوکمی گرنگی ڕۆڵی ئابووری لەو پرۆسەیەدا.

لەئێستاشدا هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوودێکی باش لەم ڕێککەوتنە ببینێت، لێرەوە کار بۆ ئەوەش بکرێت لەو پرۆژە یاسایەی بڕیارە سامانی نیشتیمانی نەوت و غازی دەوڵەتی عێراقی پێ ڕێک بخرێت مافە ئابووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستانی تیا بچەسپێنرێت، بۆ ئەوەی جارێکیتر ئەم وڵاتە دووچاری قەیران و نەهامەتی نەبێتەوە.

کامەران کەریم