شەپۆلی ناڕەزایەتی ناوچەیی دژی زایۆنیسم؛ هێرش بۆ سەر ئەقسا ڕواڵەتی دژەمرۆیی ئیسرائیلی دەرخستەوە

(0) / / راپورت / زایەڵە ئەقسا ئیسرائیل زایونیسم


Apr 05, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە نیوەشەودا، هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا لە بەرەبەیانیشدا دوای نوێژی بەیانی دووبارە هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتەکە وڵاتانی ناوچەکە یەکدەنگ ئەم کردەوە دڕندانەیان ئیدانە کرد.

پۆلیسی ئیسرائیل، دوابەدوای نوێژی بەیانی بە بۆمبی دەنگی و گولـلەی پلاستیکی بڵاوەیان بە گرووپێکی خۆپیشاندەر کرد کە بەدەم گوتنەوەی تەکبیرەوە ئیسرائیلیان سەرکۆنە کرد.

هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل لانیکەم دوو لە خۆپیشاندەرەکانیان دەستگیر کرد.

شەوی رابردوو جوولەکە نیشتەجێکراوە توندڕەوەکان لەسەر بانگەوازی سەربڕینی قوربانی بەبۆنەی جەژنی فەسحی جوولەکانەوە، هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا، گرووپێک فەڵەستینیش لە دوای نوێژی تەراویح لە مزگەوتی قیبلەدا مابوونەوە.

هێزەکانی ئیسرائیل لە میانی هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا بە بەکارهێنانی هێز ئەو فەڵەستینییانەیان دەرکرد کە پەنایان بردبووە بەر مزگەوتی قیبلە و مزگەوتەکەیان کردە مەیدانی پێکداهەڵپژان.

لە میانی ئەم هەڵنکوتانەی هێزەکانی ئیسرائیلیشدا زیاتر لە ٢٠٠ فەڵەستینی دەستبەسەر کران.

ئەم هێرشانە، کاردانەوەی وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتەوە. ئەردەن، میسر، سعوودیە، قەتەر، ئیران، تورکیا و ڕێکخراوە فەڵەستینییەکان لە چەندین بەیاننامەدا هێرشەکانی ئەمڕۆیان بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا ئیدانە کرد.

سەرۆکایەتی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین ڕایگەیاند کە دەسدرێژی داگیرکاران بۆ سەر پیرۆزییەکان، شەڕێکی بەردەوامە لە دژی گەلی فەڵەستین و گەلانی عەرەبی.

سەرۆکایەتی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینی داوای لە ڕژێمی زایۆنیستی کردووە کە هێڵە سوورەکان لە شوێنە پیرۆزەکان نەبەزێنن و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم کردەوانە دەگاتە تەقینەوەیەکی گەورەی جەماوەری.

ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە ئەوەی لە مزگەوتی ئەقسا ڕوو دەدات تاوانێکی کەم وێنەیە و کاردانەوەی زۆری بە دواوە دەبێت.

هەنیە داوای لە فەڵەستینییەکان لە کەرتی خۆرئاوا کردووە تا بۆ پاڵپشتی لە مزگەوتی ئەقسا بەرەو قودس بڕۆن.

هەروەها زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی کە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی مزگەوتی ئەقسا هەڕەشەیەکی جیدییە لە سەر پیرۆزییە ئیسلامییەکان.

ناوبراو وتی کە گەلی فەڵەستین دەبێت بە هەموو هێزێکەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوە لە ڕۆژانی داهاتوو ئامادە بێت.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە ” هێرشی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر موسڵمانان لەم مانگە پیرۆزە و لە مزگەوتی ئەقسا، جارێکی دیکە ڕواڵەتی تاوانبارانە و دژە مرۆیی ئەو ڕژێمەی بۆ جیهانیان ڕوونتر کردەوە “.