​ ئێران: فەڵەستین و قودسی پیرۆز بوونەتە هێمای مافخوازی سەرجەم زوڵملێکراوان و ئازادیخوازەکانی جیهان

(0) / / جهان / زایەڵە قودس ئێران فەڵەستین


Apr 14, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی قودس بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و جەختی لەسەر ئەوە کرد کە؛ ئێستا فەڵەستین و قودسی پیرۆز بوونەتە هێمای یەکڕیزی جیهانی ئیسلام و هێمای مافخوازی سەرجەم زوڵملێکراوان و ئازادیخوازەکانی جیهان.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە:

بسم اللە الرحمن الرحیم

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار دەیە لە دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بە ناوی ” ڕۆژی جیهانی قودس ” لە لایەن دامەزرێنەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە)، ئێستا فەڵەستین و قودسی پیرۆز بوونەتە هێمای یەکڕیزی جیهانی ئیسلام و هێمای مافخوازی سەرجەم زوڵملێکراوان و ئازادیخوازەکانی جیهان لە هەر نەتەوە و ئائین و مەزهەبێک.

پەیامی زوڵملێکراوی گەلی فەڵەستین و ڕاستییەکەی ئەوەی کە لە خاکی فەڵيستین ڕوو دەدات، لە ڕۆژی قودسی ئەمساڵ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە زمان و دەمی سەدان ملیۆن کەسی ئازادیخواز و لایەنگری دادپەروەری لە سەرتاسەری جیهان بەرز دەبێتەوە و پێداگری لە سەر ڕزگاربوونی فەڵەستین نەک تەنیا وەک پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلام، بەڵکوو وەک دیارترین نموونەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەنەوە.

وەک چۆن کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران فەرموویان، سیاسەتی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی و ڕژێمی زایۆنیستی، کاڵبوونەوەی پرسی فەڵەستین لای کۆمەڵگا موسڵمانەکان و لەبیرکردنی ئەم پرسە گرنگەیە.

لە کاتێکدا کە تیرۆریستانی زایۆنیست تەنیا لە سێ مانگی سەرەتایی ئەمساڵی زائینی نزیکەی سەد کەسیان لە منداڵ و ژن و گەنجی فەڵەستینی شەهید کردووە، بانگەشەکارانی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتدارانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بە تایبەت ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی بە بێدەنگی خۆیان لە بەرامبەر ئەم تاوانانە، بوونەتە گەورەترین لایەنگرانی تیرۆریزم.

لە ڕۆژانی ڕابردووش، هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هێرشی سەر مزگەوتی ئەقسا وەک یەکەم ڕووگەی موسڵمانانی جیهان و شەهید و بریندارکردنی موسڵمانانی ئەو مزگەوتە، جارێکی دیکە ڕواڵەتی ڕەگەزپەرست و تیرۆریستی ئەم ڕژێمەیان بۆ ڕای گشتی جیهان ڕوونتر کردەوە.

بەردەوامی کردەوەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە پێشێلکردنی ئاشکرا و ڕێکخراوی بنەما سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان و بێڕێزی بە پیرۆزییە ئائینی و ئیسلامییەکان بە تایبەت بێڕێزی بە مزگەوتی ئەقسا، جارێکی دیکە یەکڕیزی و یەکگرتوویی جیهانی ئیسلام و پاڵپشتی ئەوانی لە گەلی فەڵەستین بە ئامانجی ئازادکردنی سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین بە پایتەختی قودسی پیرۆز، کردووەتە پێویستییەکی بەپەلە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکات لە گەڵ هاتنی ڕۆژی جیهانی قودس، 25 ی خاکەلێوە (14 ی نیسان)، وێڕای جەختکردنەوە لە سەر بەردەوامی سیاسەتی نەگۆڕی خۆی لە پاڵپشتیکردنی خەباتی ڕزگاریخواز و خۆڕاگری ڕەوای گەلی فەڵەستین و پێویستی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەر لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیست، سەرجەم حکومەتەکان و گەلانی موسڵمان و ئازادیخوازی جیهان بانگهێشتی یەکڕیزی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم شێرپەنجە و تێکدەری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ئەرکی یاسایی ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ پاڵپشتی لە گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین، کۆتایی داگیرکاری، ڕاگرتنی تاوانی دڕندانەی زایۆنیستەکان لە قودس و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە و کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە وەبیردێنێتەوە و جەختی لە سەر دەکاتەوە.