چی لەبارەی پرۆژەی ئاوی سەرچنارەوە دەزانیت

(0) / / راپورت / زایەڵە ئاو سەرچنار


Apr 15, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - پرۆژەی ئاوی سەرچنار گەورەترین پرۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە لە شاری سلێمانی، بەبەردەوامی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشی زۆری دانیشتوانی سلێمانی دابیندەکات.

ئەم پرۆژە ستراتیژییە لەساڵی (١٩٥٦)ەوە ئاوی خواردنەوە دابین دەکات، بەشێک لە ئامێرو ترومپاکانی تەمەنیان زیاتر لە (٤٠)ساڵەو بە هەوڵی تەکنیککارو فەرمانبەرانی تائێستا لەکارکردن بەردەوامن.

توانای دابینکردنی ئاوی لەهەر کاتژمێرێکدا (١٤) هەزار مەتر چوارگۆشەیەو لە ئێستادا بەبەردەوامی هەر کاتژمێرێک (٧-٨)هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو دەنێرێت بۆ ناو شاری سلێمانی.

پرۆژەکە پشت بە ئاوی هەڵقوڵاو دەبەستێت، سیستمێکی پێشکەوتووی کلۆرینگی هەیەو بە سیستمی کۆمپیوتەری و کۆنترۆڵکراو بەپێی گەڕەکەکەنی ناو شاری سلێمانی کار بە ترومپاکان دەکرێت.

توانای مرۆیی بەراورد بە قەبارەو گرنگیی پرۆژەکە کەمە، ژمارەی فەرمانبەری ئەندازیارو کارگێڕی و ئیشپێکەرو شۆفێر (١١٠)کەسن، جیاواز لە پرۆژە هاوشێوەکانی شارەکانی تری هەرێم، ئەم فەرمانبەرانە دەرماڵەی هاندانیان بۆ خەرج ناکرێت.

کێشەی گەورەی ئەم پرۆژە ستراتیژییە نەبوونی بودجەیەکی تایبەتی ساڵانەیە بۆ پەرەپێدان و چاکسازی لە ئامێرەکاندا بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە زیاتر لە توانای خۆیان کاریان پێدەکرێت.

لەکاتی سەردان و بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی پرۆژەکەداو گفتوگۆکردنی لەگەڵ بەڕێوبەری ئاوی سلێمانی و بەڕێوبەرو ئەندازیارو بەشێک لەکرێکارانی پرۆژەی ئاوی سەرچنار، ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی پێی راگەیاندن ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە سیما جوانەکانی شاری سلێمانی و لەیادو زهنی نەوەکانی ئێستاو ئایندەشدا دەمێنێتەوە، مانەوەی بەم جۆرەو ئەو خزمەتە زۆرەی کە بەهەموومانی دەکات لەئەنجامی تواناو دڵسۆزی دەستەی کارگێڕی و تەکنیککارو فەرمانبەرەکانییەوەیە، ئەو هەوڵە بەردەوامانەیە کە وایکردووە سلێمانی و دانیشتوانەکەی توشی قەیرانی گەورەی بێئاوی نەبن، بەڕاستی ئێوە شایەنی رێزو تەقدیرن، سوپاسی خۆمانتان ئاراستە دەکەین و دەستی ماندوبوونتان دەگوشین.

وتیشی، هەرچی بەئێمە بکرێت بۆ خزمەتکردنی پرۆژەکە کەمتەرخەم نابین و هەمیشە خۆمان بەبەشێک لەو ستافە دڵسۆزە دەزانین.

کامەران کەریم