تۆمەتبارانی هەڵکوتانەسەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەستگیرکران

(0) / / اجتماعی / زایەڵە نەخۆشخانە سلێمانی کۆمەڵایەتی


Apr 26, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەتۆمەتی تەقەكردن لە نەخۆشخانەی منداڵان و برینداركردنی كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی نەخۆشخانەكە دوو تۆمەتبار دەستگیركران.

پۆلیسی سلێمانی بڵاوی کردەوە،   مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هەڵیانكوتابووە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی پرسگەی نەخۆشخانەكەیان بەفیشەك بریندار كردبوو.

دوای ئەوەی کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو دوو كەس کە لەژێر کاریگەری مادە کھولییەکاندا بوون و دەیانویست سەردانی منداڵێك لەنەخۆشخانەی منداڵان بکەن، بەڵام لەلایەن پۆلیس و کارمەندی پرسگەی نەخۆشخانەكەوە ڕێنمایی کران کە وادەی سەردانیکردنی نەخۆش کۆتاییھاتووەو منداڵە نەخۆشەکە دایک و باوکی لەلایەو پێویست ناکات ئەوان بچنە لای، بەڵام کاتژمێر ١:٣٠ خولەک تۆمەتبارەکان دەگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەکەو تەقە لەپۆلیسێک و كارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە دەكەن و برینداریان دەكەن.

دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو تۆمەتباری سەرەکی کە تەقەی کردبوو دەستگیرکراو ئەو کەسەی کە لەگەڵیدا بوو ھەڵات، توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەکەی تریش دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو.

لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران، (ش، خ، أ) لەدایکبووی ١٩٨٥ و (ئ، خ، م) لەدایکبووی ٢٠٠٣ بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی  ٢٣٢ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

لەئێستادا ھەردوو برینداری ڕووداوەکە لەنەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

 

کامەران کەریم