هەڵمەتی لیژنەهاوبەشەکان بۆ دوکانی گۆشتفرۆشەکان

(0) / / اجتماعی / زایەڵە گۆشتفرۆش سلێمانی


Apr 29, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەمەبەستی رێگریکردن لە فرۆشتنی گۆشتی بێمۆر کەئاژەڵەکەی بەشێوەیەکی ناتەندروست و بەدەر لە رێنماییەکانی ڤێتێرنەری سەردەبڕرێت لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێرییەکانی چڕترکردوەتەوە.

فریا عوسمان، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەزایەڵەی ڕاگەیاند،بەدواداچونی  لیژنەکان بۆ دوکانی گۆشتفرۆشەکانە و پشکنین بۆ گۆشت و شوێنەکان و پابەندکردنیان بەمەرج و رێنماییەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەرییە،  بەپێی مەرج ورێنماییەکانی کارکردن، پێویستە ئاژەڵ لە کوشتارگەکان سەرببڕێت و لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی ڤێتێرنەرییەوە پێش و پاش سەربڕینیش پشکنین بۆ ئاژەڵەکەو گۆشتەکەی بکرێت پاشان لەلایەن سەربڕخانەوە مۆردەکرێت و گۆشتەکەی دەخرێتە بازاڕەوە.

وتیشی، هەر دوکانێکی گۆشتفرۆشتن بەدەر لەرێنماییەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری ئاژەڵ سەربڕێت یان گۆشتی بێمۆر لە شوێنەکەیدا هەبێت سەرپێچییە و لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە روبەڕوی یاسایی دەکرێتەوە.

لای خۆشییەوە رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  بۆرێگریکردن لە ساغکردنەوەی گۆشتی بێمۆر لیژنەکان بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن دەکات و لە ئێستاشدا تیمەکان لەدرەنگانێکی شەودا گۆشتفرۆشەکان بەسەردەکەنەوە.

وتیشی،بێجگە لەزیانەکانی تەندروستی، فرۆشتنی گۆشتی بێمۆر بەفێڵی بازرگانی ئەژماردەکرێت یاسا سزای بۆ ئەنجامدەرانی داناوە و لەکاتی دەست بەسەداگرتن لە دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن دەستبەجێ دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکارە یاساییەکان دەکرێتەوە.

لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.

کامەران کەریم